سەعید لیلاز دەڵێ تەنیا رێگای رزگارکردنی ئابووریی ئێران لەو دۆخە ڕەهاکردنی ئابوورییە. ئەو ئابووریزانە دەڵێ لە بارودۆخی سیاسیی ئێستای ئێراندا دەوڵەتو خەڵک نابێ بە هیوای گەڕانەوەی سەرمایەدانەرە بیانییەکان بنو ئەو تەمایە خەونێکی بەتاڵە.
سەعید لیلاز بە ئاماژە بەوەی کە خواردنی ماددە خۆراکییەکان لە ئێران لە ١٠ ساڵی رابردوودا سەدی ٢٦ کەمی کردوە، دەڵێ ئەمڕۆ بە شێوەی مامناوەندیش خەڵک لە ١١ ڕۆژیشدا لیترێک شیر ناخۆنەوە.
ئەو سەرچاوەی قەیرانی ئابووری ئەم دوایانەی ئێرانی بۆ “کەمبوونەوەی ئاستی داوا” گەڕاندەوەو گوتی: لە ساڵی ١٣٩٠ دا ئێران ١١٩ میلیارد دۆلاری نەوت فرۆشتوەو بڕی ١٠٠ میلیارد دۆلاری کاڵا هاوردە کردوە، بەڵام توانای کڕینی کرێکاران لەچاو مووچەو حەقدەستەکانیان سەدی ١١ کەمی کردوە.
سەعید لیلاز بە ئاماژە بەوەی ئامارەکان هۆکارو ڕەگو ڕیشەی قەیرانی ئابووریی ئێستا بۆ پێش سەپاندنی گەمارۆ جیهانییەکان دەبەنەوە، گوتی: لە ئێستاشدا تەمای سەرمایەدانانی بیانیو هیوای گەڕانەوەی وەبەرهێنەرە جیهانییەکان بۆ ئێران دادی ئابووریی ئێران ناداو ئەوە خەونە، چونکی لە دۆخی سیاسیی ئێستای ئێراندا شتی وا ڕوونادا.
ئەو گوتی ئەوەی لە ٢٠ ساڵی ڕابردوودا لە ژێر ناوی سپاردن بە کەرتی تایبەت کراوە هەموو خوانواندن بووە، بەڵام هەلومەرجی ئێستا دەکرێ وەک دەرفەتێک بۆ کەرتی تایبەی چاوی لێبکرێ، چونکی تەنیا خاڵی هیوای دەربازبوونی ئابووریی ئێران لە ڕکودو تەپین، هەر بەشی کەرتی تایبەتە. خسوسیسازیو ڕەهاکردنی ئابووریش هەر بە تەنیا یەکێک لە بژاردەکان نییە، بەڵکوو ئیجبارێکەو ئەگەر ئابووریی ئێران بەو ئاقارەدا نەڕوا، لەوەش زیاتر بە قوڕدا دەچێ.
ئەو ئابووریزانە بە ئاماژە بەوەی نێوەڕۆکو تایبەتمەندیی قەیرانی ئابووریی ئێران بە ڕوونی پێی نەزانراوە، گوتی هەر ئەو نامەی چوار وەزیرەکەی دەوڵەت سەرچاوەکەی بۆ ئەو خراپ تێگەیشتنە لە ئابووری دەگەڕێتەوە.
سەعید لیلاز پێشتریش لە نووسینێکدا کە لە حەوتوونامەی ” صدا”دا بڵاو بۆۆوە، رەخنەی توندی لەو چوار وەزیرە گرتو نامەکەی ئەوانی بە ” بێ سەلیقەیی” ناوبردو گوتی لە باری نێوەڕۆکیشەوە قووڵو پوخت نییە.
ئەو لە بەشێک لە نووسینەکەیدا هێنابووی کە ئەو نامەیە هاواری بۆڕژوازیی کۆمەڵە کەسێکی گەندەڵی ڕانتخۆر بۆ گەڕانەوە بۆ ڕۆژە خۆشو پڕ داهاتەکانی ساڵەکانی نێوان ٨٤ تا ٩٢ یە، نەک خەمخۆریو وریاکردنەوەی دڵسۆزانەی ٤ وەزیر بۆ چارەسەری قەیرانی ئابووریی ئێرا.