جێژنی خاوه‌نکار، جێژنی ئایینیی یارسانه‌کان له کوردستان بۆنه‌یه‌کی مێژوویی‌و پیرۆزی به‌شێک له نه‌ته‌وه‌ی کورد له نیشتمانی کوردستانه.
یارسانه‌کان له ئێران‌و کوردستان به درێژایی مێژوو و به تایبه‌ت دوای هاتنه‌سه‌رکاری کۆماری ئیسلامی تووشی ستهمو هه‌ڵاواردنی چه‌ند قات بوونه‌ته‌وه، ئه‌ویش ته‌نیا له سۆنگه‌ی کوردبوون‌و جیاوازیی ئایینه‌که‌یان که له‌لایه‌ن ڕێژیمی ئیسلامیی ئێرانه‌وه دژایه‌تیی ده‌کرێ؛ به‌ڵام سه‌ره‌ڕای هه‌موو ئه‌وانه شوێنکه‌وتووانی ئایینی یاری وێڕای پاراستنی شوناسی ئایینیی خۆیان، وه‌ک به‌شێک له خه‌ڵکی کوردستان پشت‌و یاوه‌ری بزووتنه‌وه‌ی نه‌ته‌وه‌ی خۆیان (کورد) بوون‌و سه‌ریان بۆ ده‌سه‌ڵاتی سه‌رکوتگه‌ری ریژیمی کۆماری ئیسلامی نه‌وی نه‌کردوه.
جێژنی خاوه‌نکاریش وه‌ک بۆنه‌یه‌کی پیرۆزی یارسانه‌کان به‌ستێنێک بۆ داکۆکی له نه‌ته‌وه‌و نیشتمانی کورد‌و هه‌موو بایه‌خه نه‌ته‌وه‌یی، نیشتمانی، ئایینی و کولتورییه‌کانی کورد بووه.
وێڕای پیرۆزبایی ئه‌و جێژنه له هه‌موو یارسانه‌کان له کوردستان‌و ده‌ره‌وه‌ی وڵات، هیوادارین له سایه‌ی سه‌رکه‌وتنی خه‌باتی نهتهوهییو میللی دێموکراتیکی کورد، هه‌موو پێکهاته جۆراوجۆره‌کانی کوردستان به ئازادی‌و سه‌ربه‌ستی بۆنه‌کانی خۆیان به‌ڕێوه ببه‌ن.
ناوه‌ندی ڕاگه‌یاندنی حیزبی دێموکڕاتی کوردستان به‌چاوی ڕێزه‌وه له خهباتو تێکۆشانی نهتهوهییو نیشتمانیی یارسانهکانو نه‌سره‌وتنیان له پێناو پاراستنی شوناسی خۆیان ده‌ڕوانێ.
حیزبی دێموکراتی کوردستان
ناوه‌ندی راگه‌یاندن
٦ ی خه‌زه‌ڵوه‌ری ٢٧١٥ ی کوردی