ڕۆژی سێشه‌ممه ڕاگه‌یه‌نه نێوخۆییه‌كانی ئێران باسیان له كوژرانی ٥ ئه‌ندامی دیكه‌ی سپای پاسداران له سووریه كرد.
به‌پێی ڕاپۆرتی هه‌واڵده‌ریی فارس، تا ڕۆژی دووشه‌ممه‌ی ڕابردوو ژماره‌ی كوژراوه‌کانی سپا له شه‌ڕی نێوخۆیی سووریه له دوو حه‌وتووی ڕابردووی ٢٥ كه‌س بووه، ئه‌وه له حاڵێك دایه كه جێگری فه‌رمانده‌ی سپای پاسداران ئه‌وه‌نده زیانه گیانییه‌ی سپای به زۆر نه‌زانیوه‌و ده‌ڵێ ئه‌مه ته‌نیا شتێك له زیانه‌کانی پێشوو زیاتره.
حوسێن سه‌لامی، جێگری فه‌رمانده‌ی گشتیی سپای پاسدارانی كۆماری ئیسلامی له لێدوانێكی ته‌له‌ڤیزیۆنیدا پڕژایه سه‌ر ورده‌كارییه‌كانی به‌شداریی نیزامیی هێزه‌كانی كۆماری ئیسلامی له شه‌ڕی نێوخۆیی سووریه‌دا‌و، گوتی ژماره‌ی كوژراوانی سپا له سووریه ئه‌وه‌نده‌ش زۆر نییه، به‌ڵام له چاو پێشوو زیاتر دێته به‌رچاو، ئه‌ویش هۆکاره‌که‌ی بۆ ئه‌وه ده‌گه‌ڕێته‌وه که له سه‌ر داوای به‌شار ئه‌سه‌د سپا ئه‌رکی زیاتری له شه‌ڕی نێوخۆیی سووریه‌دا گرتۆته ده‌ست.
به قسه‌ی ئه‌م كاربه‌ده‌سته پله‌به‌رزه نیزامییه‌ی ئێران، هێزه‌كانی سپا له ٤ ئاستی ستراتژی، عه‌مه‌لیاتی، تاكتیكی و فه‌ننیدا هاوكاریی ئه‌رته‌شی سووریه ده‌كه‌ن.
حه‌میدڕه‌زا دایی ته‌قی، جه‌ببار عێراقی و پوویا ئیزه‌دی ناوی ئه‌م ئه‌ندامانه‌ی سپای پاسدارانن كه ڕۆژی دووشه‌ممه‌ی ئه‌م حه‌وتوویه له ڕه‌وتی شه‌ڕی نێوان هێزه‌كانی ده‌وڵه‌ت‌و دژبه‌رانی به‌شار ئه‌سه‌د‌دا كوژراون.