حوکمی ئیعدامی سەپێندراو بە سەر شەهرام ئەحمەدی، بەندکراوێکی ئایینیی کورددا پەسەند کرایەوەو پەروەندەکەی چووە بەشی جێبەجێ کردنی حوکمەکانەوە.
شەهرام ئەحمەدی خەڵکی شاری سنەیە کە لە بانەمەڕی ساڵی ١٣٨٨ بە تۆمەتی چالاکیی ئایینی لە کاتی گەڕانەوەی لە مزگەوتەوە بەرەو ماڵەکەی خۆی، بێ وشیارکردنەوە تەقەی لێکرا و بە برینداری دەستبەسەر کرا. ئەو پاش ماوەیەکی زۆر ئازارو ئەشکەنجە لە زیندانەکانی ئیتلاعاتی سنەو زەنجاندا، ساڵی ١٣٩١ لە بە ناو دادگاییەکی ٥ خولەکیدا حوکمی ئیعدامی بە سەردا سەپا.
شەهرام ئەحمەدی کە ئێستا لە زیندانی رەجایی شاری کەرەجدا بەند کراوە، رۆژی رابردوو لە لایەن دادگای دیوانی بەرزەوە حوکمەکەی پەسەندو بە مەبەستی جێبەجێ کردن رەوانەی بەشی جێبەجێ کردن کراوە.
سەپاندنی سزای ئێعدام بەسەر شەهرام ئەحمەدی لە حاڵێک دایە کە پێشتریش برایەکی شەهرام بە ناوی بەهرامو هاوڕێیەکی بە ناوی حامید لە سەر هەمان تۆمەت ئیعدام کران.