بۆکانیەکان کارنامەی لاوازی بەرپرسانی ئەو شارەیان داوەتە بەر گاڵتە.
دوای ئەوەی روون بۆوە کە کارنامەی ئابووریی گەشەی بەردەوامی شاری بۆکان لە نێوان ١٣ شاریپارێزگای ورمێدا پلەی سێزدەی هێناوەتەوە، خەڵکی ئەو شارە بە بەرزکردنەوەی پلاکاردی گاڵتەجاڕانەی سپاس بۆ بەرپرسان، نارەزایەتیی خۆیان دەردەبڕن.
کەمپەینی پیرۆزبایی لە بەرپرسان بە دەسپێشخەری لوقمان رەحیمی، وێنەگری ناسراوی شارەکە دەستی پێکردو، لە گەڵ پێشوازی بەرەو روو بوو. لەو نارەزایەتیە گشتیەدا دانیشتوانی شاری بۆکان وێنەی خۆیان لە کاتێکدا کە پلاکاردێکیان بە دەستەوەیە، لە سەر تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان بڵاو دەکەنەوە. لەو پلاکاردەدا پلەی لاوازی گەشەی شارەکە لە ئاستی پارێزگادا بۆ بیروڕای گشتی بەرز کراوەتەوەو، بە گاڵتە پیرۆزبایی تۆمارکردنی ئەو ئاستە لاوازەیان لە بەرپرسانی شار کردوە.
تۆمار کردنی ئەو ئاستە نزمە لە گەشە بۆ شاری بۆکان لە کاتێک دایە کە ناوچەی بۆکان بە تایبەتی لە بواری کشتوکاڵ بە یەکێک لە دەوڵەمەندترین شارەکانی پارێزگای ورمێو بە سیلۆی گەنمی ئەو پارێزگایە دادەنرێ؛ هەروەها شاری بۆکان لە ڕووی حەشیمەتەوە سێهەمین شاری گەورەی پارێزگای ورمێیە.
لوقمان رەحیمی، دەسپێشخەری ئەم کەمپەینە نارەزایەتییە لەم بارەوە بە ئاژانسی هەواڵدەریی موکریانی راگەیاند کە بە داخەوە سەرەڕای ئەوەی ئێمە ساڵانێکە دروشمی بریقەدارو گەورە لە بابەت گەشەی ئەو شارەوە دەبیسین، راگەیاندنی ئەم ئامارە لە لایەن خاوەن ڕایان و شارەزایان بۆ ئەوە نابێ قەبوڵ بکرێ. ئەو لە بابەت ئامانجی کەمپەینەکە گوتی: لە پلەی یەکەمدا دەمانهەوێ ئەرکی هاووڵاتیبونی خۆمان بۆ ئاوەدانیو گەشە بە جێ بگەیەنینو هاوکات بەرپرسانیش لە سەر ئەو هەموو کەمتەرخەمیە وشیار بکەینەوە.