هەیئەتێکی یەکیەتیی ژنانی دێموکڕاتی کوردستان سەردانی سکرتاریەتی یەکیەتیی ژنانی کوردستانی لە سلێمانی کرد.
ڕۆژی دووشەممە، ٤ ی خەزەڵوەر هەیئەتێکی بەڕێوەبەریی یەکیەتیی ژنانی دێموکڕاتی کوردستان بە سەرپەرستیی سۆیلا قادری، سکرتێری ئەو ریکخراوەیە سەردانی سکرتاریەتی یەکیەتیی ژنانی کوردستانی لە سلێمانی کردو؛ لەلایەن شاندی خانەخوێ بە سەرپەرستیی کافیە سلێمان، سکرتێری ئەو ڕێکخراوەیە پێشوازییان لێکرا.
لەو دیدارەدا پرسی ژنان، بەتایبەت پرسی ژنی کورد لە نێو هەناوی ئاڵوگۆرەکان لە کوردستانو ناوچەو هاوکێشە سیاسییەکانی ئێستا هاتە بەرباسو دوولایەن لە سەر ئاستەنگەکانی بەردەم چالاکیو بزووتنەوەی ژنان لە قۆناغی ئێستای کوردستاندا ئاڵوگۆری بیروڕایان کرد؛، بۆ بەرچاوڕوونی دۆزی ژنان لە داهاتوودا باسیان لە بەرچاوڕوونییەکانی خۆیانو رێکخراوەکەیان کرد.
لەو دیدارەدا دوولایەن کۆک بوون لەسەر ئەوەی کە هاودەنگیو هاوپێوەندیی زیاتری ڕێکخراوەکانی ژنان لە دۆخی ئێستادا مەرجی سەرەکیی بۆ بەرەوپێشچوونی کاری ڕێکخراوەییو کاریگەریی لەسەر دۆزی ژنانەو؛ یەکیەتیی ژنانی دێموکڕاتی کوردستانو یەکیەتیی ژنانی کوردستان لەو پێوەندییەدا پێداگرییان لەسەر بەردەوامیی پێوەندیی خۆیان داگرتەوە