ئەنجومەنی نۆژین بەبۆنەی گیان لەدەستدانی ٣ کەس لە ژینگە پارێزانی ژیوای پاوە ڕاگەیەندراوێکی بڵاو کردەوە کە ئەمەش دەقی پەیامەکەیە:
ئەگەرچی دۆخی کوردستان و ژیانی هەنووکەیی مرۆڤی کورد لە بوارە جیاجیاکانیەوە هەڵگری هەندێ هاوبەشیی جیهانییە، بەڵام کۆمەڵێک فاکتۆر و ئەکتەری جیاوازی ناوچەیی و نێوخۆیی فۆرمدەری ئەم دۆخەن کە پێویستیی خوێندنەوەیەکی تایبەت بۆ کێشە و دۆخە قەیرانییەکانی ئەمڕۆی کوردستان زەقتر دەکەنەوە.
لێکتەنرانی کێشە جیاجیاکانی ڕەهەندە جیاوازەکانی مرۆڤی کورد بەرهەمهێنەری دۆخێکە کە کۆمەڵگای کوردستان بە شێوازێکی مەترسیدار ڕوو لە هەڵوەشانەوەیە و سەرمایەی کۆمەڵایەتی، فەرهەنگی و ئابوورییەکانی ڕوو لە نسکۆن و لەباری دەروونناسیی کۆمەڵایەتییەوە قەیرانە جیاجیا عەینی و کۆمەڵایەتییەکانی کوردستان، مرۆڤی کوردیان کردۆتە مرۆڤێکی ئەتۆمیزەکراوی بێدەرەتان کە هەر ڕۆژە بەشێک لە ژیانی تووشی قەیران دەبێت و دیالێکتیکی تاک _ کۆمەڵگای بێدەرەتانی ئانۆمیک بەردەوام یەکدی بەرهەم دەهێننەوە کە دەرهاویشتەی ئەم دۆخە مەترسیدارە، بازنەیەکی بەردەوامی نسکۆ و لێکترازان و قەیرانە .
ئەگەر بمانەوێ هەندێ لە سەرچاوەکانی ئەم دۆخە لێکبدەینەوە دەتوانین بەڕێوبەرایەتیی فەشەلی ناوەندگەرا کە بە ڕوانینێکی ئەمنیەتییەوە سەیری بەناو پەراوێزەکانی خۆی دەکات، لەلایەکەوە و لەلایەکی ترەوە نەبوونی چارەنووسی نەتەوەی کورد بە دەستی خۆیە و بڕیارنەدان بۆ شێوازی بەڕێوەبەرایەتی و پلانداڕێژی ژیانی ئەو نەتەوە دوو لە هەرە سەرەکیترین هۆکارەکانی ئەم دۆخە دەسنیشان بکەن.
ئەگەر تێئۆریی خۆسەپاندن-خۆڕاگری بەهەند وەربگیردرێت دەتوانین بڵێین ئەگەرچی ناوەند بەردەوام ویستی خۆسەپاندنی هەبووە و ئاکامی ئەم ویستەش دەیان قەیرانی جۆراوجۆری مرۆڤی_ژینگەیی بووە، نەتەوەی کوردیش خۆڕاگری و بەرخۆدانی بۆ مانەوە و سەلماندنی خۆی کردووە کە دەرەنجامی ئەم خۆڕاگرییە بەرهەمهێنانی کۆمەڵگایەکی تێگەیشتوو و چالاکی سیاسی_کۆمەڵایەتییە. بەڵام تێچووی ئەم خۆڕاگرییە بۆ نەتەوەکەمان زۆر لەسەرەوەیە و بە هۆی ڕادەی هێز و قەیرانە بەرهەمهێنراوەکانی ناوەندەوە ئەم نەتەوە دەبێت بەردەوام بینەری دۆخی دڵهەژێن بێ.
کەواتە ئەو دۆخەی کە ئەمڕۆ کۆمەڵگای کوردستانی تێکەوتووە تەواوی لایەنەکانی ژیانی نەتەوەی کوردی گرتووەتەوە، ژینگەش وەکوو یەکینەیەکی سروشتی_ژێئۆپۆلیتیکی بەشێک لەم قەیرانە بەربڵاوەی کوردستانە. پرسیارێک کە لێرەدا دەبێ هەم لە نەتەوەی کورد و هەم لە دەسەڵاتداران بپرسرێت ئەوەیە کە بۆچی لەگەڵ بوونی ئەزموونی چەندین ساڵە لە سووتانی دارستانەکانی کوردستان چارەسەرێک بۆ ئەم قەیرانە نادۆزرێتەوە؟
بۆچی ژینگەوان و ژینگەپارێزانی ئێمە یان گیانیان ببێت بە سووتووی قەیرانە دەسکردەکانی ناوەند یان لە سووچی زیندانا پڕبایەخترین ساڵەکانی ژیانیان تێپەڕ بکەن؟
بەداخ و پەژارەیەکی زۆرەوە ئەمڕۆش گوێبیسی هەواڵی گیانبەخشینی پۆلێکی تر لە لاوان و ڕۆڵەکانی ئەم نیشتمانە بۆ پاراستنی شکۆی ژیانی نەتەوەکەمان بووین .
ئەنجومەنی فەرهەنگی کۆمەڵایەتیی نۆژین، وێڕای سەرەخۆشیی ئەم کۆستە نوێیە و کڕنۆش بردن بۆ سەرجەم شەهیدانی مانەوەی ئەم نیشتمانە بەتایبەت شەهیدانی نوێی ژینگەی کوردستان لە نەتەوەی کورد بە گشتی و ئەنجومەنی ژیوای پاوە بەتایبەت، جەخت دەکاتەوە کە تەنیا ڕاگەیاندن و سەرەخۆشی کردن چارەسەریی ئەم دۆخە ناکات و دەبێ تاک و کۆمەڵگای کوردی هەوڵ بۆ بەدەستەوە گرتنی چارەنووسی خۆیان بدەن هەتاکوو چیدی بینەری ڕووداوگەلی لەم چەشنە نەبین.