بە داخەوە دیسان ھەستیاری و نیشتمان خۆشەویستی ڕۆڵەکانی ئەم وڵاتە بووە ھۆی قوربانی بوونی سێ شۆڕەسواری دیکەی بە ئەمەگ و بە بەھرەی کوردستان، وڵاتێک کە ڕۆڵەکانی ڕۆژانە لە ڕێگەی نان و کۆڵبەری، بڕوا و عەقیدە و ژینگە پارێزی دا، تێدا دەچن و گیانی پیرۆزیان دەبێتە قوربانی.
زاگرۆس خەریکە گڕ دەگرێ و دڵسۆزانی ئەم خاکە گیانی بۆ قوربانی دەکەن و بەرپرسان لە خەوی بێ خەیاڵی دان، خەوێک کە ڕەنگە تەعبیرەکەی گڕ گرتنی کورسیەکانییان لە سۆزی زاگرۆس نشینان و زگ سووتاوانی ئەم ڕووداوە دڵتەزێنانە بێت. نەبوونی ھیچ ئیمکاناتێکی پێویست بۆ کوژاندنەوەی ئاگر و دامرکاندنی گڕی دارستان و کێڵگەکان بۆتە ھۆکارێک بۆ قوربانی بوونی گیانی قارەمانانی ژینگە پارێزی کوردستان، کە بە داخەوە ئەوە یەکەم جار نییە وەھا ڕووداوێکی دڵتەزێن ڕوودەدات و ھیوادارین دوایینی بێت.
“بەرەی یەکگرتووی کورد”، ئەگەرچی شانازی دەکا بە بوونی ئەو ڕۆڵە نیشتمان پەروەرانە، بەڵام بۆ گیان بەخت بوونییان بە خەمەوەیە و وێڕای سەرە خۆشی لە خۆی و گەلی کورد و جەماوەری شاری پاوە و بنەماڵەی ژینگە پارێزانی کوردستانی دەلال و قوربانییانی ئەم جارە، شەھیدان؛ موختار خەندانی، بیلال ئەمینی و یاسین کەریمی، داوا لە دام و دەزگا پێوەندیدارەکانی حکوومەت دەکات لەوە زیاتر بە کەمتەر خەمی و بێ ئیمکاناتی ئیزن نەدەن زاگرۆس ھێمای ھەناسە و شکۆ بسوتێ و منداڵانی ئەم وڵاتە گیانیان ببێتە قوربانی ناکارامەدی و کەمتەرخەمی ئەوان.
ڕۆحی پیرۆزیان شاد و یادیان بەردەوام
بەرەی یەکگرتووی کورد
٩ی پووشپەڕی ٩٩ی هەتاوی