بەپێی ڕاپۆرتێک کە لە مێدیاکانی ڕیژیمدا بڵاوکراوەتەوە، دەیان هەزار تۆن ئارد لە ئەنبارەکانی دەوڵەت بە شێوەی نایاسایی ڕەوانەی دەرەوەی سنوورەکانی ئێران کراوە.
بەپێی ڕاپۆرتێک کە لە ماڵپەڕی “تەسنیم”ی سەر بە سپای پاسداراندا بڵاو کراوەتەوە، لە چەند جار و ڕۆژی جیاوازدا بە مۆڵەتی ڕەسمی ٣٢ هەزار تۆن گەنم لە ئەنبارەکانی گەنمی ئێران لە دەروازەکانی گومرگەوە ڕەوانەی دەرەوەی وڵات کراوە. لەگەڵ ئەوەی کە وەزیری ئابووریی ڕێژیم بڕیار بووە ئەو گەندەڵییە ئاشکرا بکا، بەڵام تا ئێستا نەک هەر گوێی خۆی لێ خەواندوە بەڵکوو خەریکی پەردەپۆش کردنی ئەو دزیە ئاشکرا و ڕوونەیە کە بە بەرچاوی خەڵک و بەرپرساندا تێپەڕیوە و سنووری وڵاتانی بڕیوە.
لەگەڵ ئەوەی کە ناکۆکی نێوان سپا و بەشێک لە دەزگا و بەرپرسانی دەوڵەتی بۆتە هۆی پەردەلادان لەسەر هێندێک لە گەندەڵییەکان و بە هەمان شێوەش لایەنی بەرانبەر بەشێک لە دزی و گەندەڵییەکانی سپای پاسداران ئاشکرا دەکا، بەڵام ئەوە بەم مانایە نییە کە گەندەڵی هەر ئەم چەند بەڵگەیەیە کە ئاشکرا دەکرێ، بەڵکوو گەندەڵی لە سەرێ تا خوارێ هەموو جومگەکانی دەسەڵاتی گرتۆتەوە و ڕۆژانە شاهیدین کە چۆن ناوی بەرپرسانی پلەبەرزی ڕێژیم لە مێدیاکان و داداگاکاندا بڵاو دەکرێنەوە.
لە کاتێکدا کە خەڵک نانی بۆ خواردن نییە، لە کاتێکدا کە چینی هەژار لە نانەواخانەکان نان بە قەرز دەبەنەوە و کۆڵبەری کورد بۆ پەیداکردنی پاروە نانێ گیان دەبەخشێ، کاربەدەستانی ڕێژیم بە دەیان هەزار تۆن گەنمی وڵات لە ئەنبارەکان دەدزن و ئاودیوی سنوورەکانی دەکەن و بە سامانی گەل دەبنە خاوەنی کۆشک و تەلار و دۆلارەکانیان لە بانکە جیهانییەکاندا دەپارێزن.