(لە پەراوێزی کاردانەوەکانی ڕووداوەکەی یاریگەی غەدیری ورمێ دا)
ڕۆژی پینجشهممهی رابردوو، ریکهوتی ٣٠ی ڕەزبەری ئەمساڵ لە یاریگەی ئەلغەدیری ورمێ و لە کاتی بەڕێوەچوونی یارییەکی واڵیبال دا، خزمانی یەکێک لە یاریزانەکان کە بەجلوبەرگی کوردییەوە
هاتبوونە یاریگاکە، کەوتنە بەر بێڕێزیی ژمارەیەک لە هاندەرە ئازەری زمانەکان.
ئەم ڕووداوە لە نێو کۆمەڵگە و بە تایبەتی لە نیو تۆڕە کۆمەلایەتییەکان دا لە گەڵ دژ کردەوەیەکی بەربڵاو بەرەوروو بوو و ناڕەزایەتی دەربڕینێکی ڕوو لە زیادبوونی لێ کەوتەوە. وەک لە هەواڵ و زانیارییەکانیشڕا دەردەکەوێ، قەرار وایە لە ورمێ و کۆمەڵێک لە شارەکانی دیکە زنجیرەیەک حەرەکەتی مەدەنیو هێمنانە بۆ مەحکوومکردنی ئەو جۆرە بێڕیزیانە بە ڕێوە بچن. بە هۆی هەستیاربوونی ئەم پرسە و ئەو ئاکامانەی ئەگەری ئەوە هەیە لەم سۆنگەیەوە ڕوو بدەن، هەڵوێستەیەک لە سەر ئەم ڕووداوە و خستنە رووی کۆمەڵێک راسپاردە بە پێویست دەزانین:
سووکایەتی بە هەر گرووپ و تەنانەت تاکێک، سەبارەت بە جۆری زمان، ئایین، جلوبەرگ و هەر ڕواڵەتێکی شوناسنوێن(مظاهر هویتی)ی ئەوان، کردەوەیەکی دواکەوتووانە، دژە ئینسانی و مەحکوومە. قبووڵنەکردنی ئەم جۆرە سووکایەتییەش، نەک هەرلە لایەن ئەو کەسانەی دەبنە ئامانجی بێڕیزییەکە، بەڵکوو لە لایەن هەر تاک و مرۆڤێکی تێگەیشتوو و پێشکەوتووی ئەو کۆمەڵگەیە، ئەرکێکی ئەخلاقی و کارێکی پێویست و دروستە.
سووکایەتی و بێڕیزی بە شوناسی نەتەوەیی، ئایینی و کولتووریی هەر گرووپ و کۆمەڵە خەڵکێک لەو شوێنانە کە جۆراوجۆرییەکی نەتەوەیی و ئایینی پێکەوە دەژین، هەستیاری و هەر لەو کاتە دا تێچوویەکی زیاتریان هەیە و ئەگەر پێشیان پێنەگیرێ، دەتوانن پێکەوەژیان و هێمنی و ئاسایشی کۆمەڵگەکە بەرەورووی هەڕەشە بکەنەوە و کارەساتیان لێ بکەوێتەوە.
لە پارێزگەی ورمێ، هەر لە کۆنەوە کورد و ئازەری وەک دوو پێکهاتەی نەتەوەیی سەرەکی و چەند کەمایەتیی نەتەوەیی – ئایینیی دیکە، پێکەوە ژیاون. ئەگەر چی بە داخەوە هێندێک جار بە هۆی بارودۆخی تایبەت و زاڵبوونی دەمارگرژیی نەتەوەیی و ئایینی، گرژی و ڕووداوی ناخۆش لە نێوان یەک یا چەند پێکهاتەیهکی کۆمەڵگەدا دروست بووە، بەڵام لە سەر یەک و بە گشتی، پێکەوە ژیان و وێکهەڵکردن و پێوەندیی دۆستانە، بووە بە کولتوورێکی جێکەوتوو.
پێکەوەژیانی بە ئاشتی و پێوەندیی دۆستانەی جۆراوجۆرییەکان لەم پاریزگایە، پتر قەرزداری شوعووری کۆمەڵایەتی و کولتووری و، هەست بە بەرپرسایەتی کردنی گشتیی پێکهاتەکانە تا جۆری سیستەمی سیاسی و بەڕێوەبەرێتیی حاکم لەو پارێزگەیە و هەموو ولات دا. بە داخەوە بناغەی سیستەمی سیاسی و بەڕیوەبەرێتی لە ئاستی وڵات بە گشتی و لە ئاستی ئەم پاریزگایە دا، لە سەر هەڵاواردنی نەتەوەیی و ئایینی و ئینکار یا لە پەراوێز خستنی بەشێک لە جۆراوجۆری و شوناسەکان، و زاڵکردی بە ئەنقەستی بەشێک بە سەر ئەوانی دیکە دا دامەزراوە.
ناوەرۆکی تێکەڵ بە هەڵاواردنی نەتەوەیی و ئایینیی یاسای بنەڕەتی و، دەسەڵاتی سیاسی و بەڕێوەبەرێتیی وڵات، وای کردوە هێندێک پێکهاتەی نەتەوەیی و ئایینی لە ئێران بە گشتی و لەم پارێزگایە بە تایبەتی، بەردەوام لە گەڵ ستەم و پەراوێزخران و سووکایەتی پێکران بە شێوەی جۆراوجۆر بەرەوڕوو بن. بەم پێیە دامودەزگای دەوڵەتی و حکوومەتی لەم پاریزگەیە لە جیاتی دابینکەرو پارێزەری دادپەروەرانەی مافەکان و بەشداریی هەموو پێکهاتە نەتەوەیی و ئایینییەکان بێ، بۆ خۆی لە خزمەت هەڵاواردن و پەراوێز خستنی بە ئەنقەستی کورد و هێندێک پێکهاتەی دیکە دا بووە. ئەمەش وای کردوە لە نێو کۆمەڵگەش دا هێندێک گرووپ و تاکی توندڕەو و دواکەوتوو، بێترس و نیگەرانی، بە شێوەی جۆراوجۆر دژایەتیی کوردەکان بکەن، بە میوان نەک خانەخوێ و خاوەنماڵیان بزانن و گیانی سووکایەتیکردن بە کورد پەرە پێ بدەن.
چۆن بەرەوڕووی ئەم ڕاستیانە ببینەوە؟
دەنگ هەڵبڕین دژی ئەم جۆرە سووکایەتیانە، دەتوانێ لە نێو دەسەڵات و لە نێو کۆمەڵگە دا هاندەری لایەنی توندڕەو و نابەرپرسیار بێ بۆ نیشاندانی حەسساسیەت و، دژایەتیی زیاتر لە گەڵ مافەکان و بەشداریی کورد لە بەڕێوەبەرێتیی سیاسی و گشتیی پاریزگە دا. بەو حالەش هەڵبژاردنی بێدەنگی و بێهەڵوێستی لە ئاست سووکایەتی و هەڵاواردن بەرامبەر کورد، ڕێگایەکی دروست نیە وتەنیا دەتوانێ یارمەتی بە خراپتر بوونی وەزعەکە بکا.
نارەزایەتی دەربڕین دژی ئەم جۆرە سووکایەتیانەو هەڵاواردنی نەتەوەیی بەرامبەر بە کورد، ئەو کاتە دەتوانێ کاریگەر و سەرکەوتوو بێ و هەر لەو کاتە دا، نیاز و پیلانی هێندێک لایەنیش پووچەڵ بکاتەوە، کە بە شێوەیەکی هێمنانە و مەدەنی و بە دوور لە دەمارگرژیو توندو تیژی بێ. پشتیوانیو بەشداریی خەڵکی پارێزگەکانی دیکەی کوردستان لەم جۆرە نارەزایەتیدەربڕینانە ، هەر وەها هاودەنگیی نوێنەرانی مەجلیس، پێشنوێژ و کەسایەتییە ئایینییەکانو، سیما دیارەکانی بوارە جۆراوجۆرەکانی کۆمەڵ، بڕشت و کاریگەریی ئەم جۆرە حەرەکەتانە زیاتر دەکا.
ڕێکخراوو گرووپە مەدەنییەکان و کەسایەتییەکان ونوخبە ئازەری زمانەکان، تەنانەت کاربەدەستانی ئازەریی پارێزگای ورمێ، پێویستە و دەتوانن ڕۆلێکی ئەرێنیان هەبێ لە دووپاتنەبوونەوەی ئەم جۆرە ڕووداوانە و نەهێشتنی کەشوهەوا و دۆخی نەخوازراو و زیانبار دا. ئەمەش بە ڕێگای مەحکوومکردنی سووکایەتی و هەڵاواردن بەرامبەر کورد، هاودەنگی نواندن لە گەڵ کوردەکان و ڕێزگرتن لە مافەکان و جێگە و پێگەی کورد وەک ئەسڵێکی بنەرەتیی پێکەوە ژیان لەم پاریزگایە و لە ئاستی ولات دا، مسۆگەر دەبێ.