ڕۆژی یەکشەممە ٨ی پووشپەڕی ٩٩ی هەتاوی، سێ لاوی ژینگە پارێزی کورد لە کاتی کوژاندنەوەی ئاگری دارستانەکانی ناوچەی پاوە گیانیان لەدەست دا کە هاوسۆزی و هاوخەمی خەڵکی کوردستانی بەدوای خۆیدا هێنا.
سووتان و گیان لەدەست دانی سێ لاوی ژینگەپارێز و خەمخۆری سروشتی نیشتمان بە ناوەکانی “موختار خەندانی، بهلال ئهمینی و یاسین کەریمی” دەنگدانەوەیەکی بەربەرینی مێدیایی لە مێدیا و تۆڕە کۆمەڵایەتیەکاندا و هاوسۆزی و هاوخەمی خەڵکی نیشتمانپەروەری کوردستانی لە نێوخۆی وڵات و تاراوگە بە دوای خۆیدا هێنا.
خەڵکی کوردستان و ئەنجومەنە مەدەنی و ژینگەپارێزەکان لە زۆربەی شار و ناوچەکان هاوخەمی خۆیان لەگەڵ ئەم کۆستە دەربڕی و وێڕای بوونی مەترسیی کۆڕۆنا، خەڵکێکی بەرچاو لە پێشوازی تەرمەکاندا بوون.
یەکەمین جار نییە کە سروشتی کوردستان بەهۆی جۆراجۆر و یەک لەوان بەدەستی ئەنقەست ئاگر دەدرێن و دەسووتێن، یەکەمین جاریش نییە کە لاوانی دەروەست و خاوەن هەستی کورد ئاگری جەستەیان تێکەڵ بە ئاگری سروشتی نیشتمان دەبێ و لەپێناو پاراستنی کوردستاندا گیان دەبەخشن. ساڵانێکە داگیرکەرانی کوردستان خەریکی وێرانکردنی ژینگە و سروشتی کوردستانن و لاوانی دڵ پر لە گڕی نیشتمانیش بەگیان و دڵ خەریکی پاراستنی ژینگەی کوردستانن. پێشتریش لە ڕووداوێکی لەم چەشنەدا لە مەریوان شەریف باجوەر و هاوڕێکانی لە کاتی دامرکاندنەوەی ئاگری دارستانەکان بەشێوەیەکی گوماناوی گیانیان لەدەست دا و ئەم جارەشیان هەمان ڕووداو دووبارە بۆوە.
سەدان ساڵە دوژمنانی کورد بە خەیاڵی خاوی خۆیان خەریکی لەنێوبردنی سروشتی کوردستان و داپڵۆسینی هەستی کوردایەتی و نیشتماندۆستی لاوانی کوردن و کوردستانیانیش بێ ترس و بێباک لە مردن، پاراستنی نیشتمانیان بە ئەرکێکی ئەخلاقی و نیشتمانی زانیوە و بۆ پاراستنی زێدی باب و باپیرانیان لە هیچ فیداکارییەک درێغیان نەکردوە و بە سەخاوەتەوە لە پێناو نیشتماندا گیانی خۆیان بەخت کردوە و بوونەتە مەشخەڵی ڕێگەی پاراستنی خاک و سروشتی کوردستان و هەردەم بەڕێزەوە یادیان دەکرێتەوە .