شەوی یەکشەممە، ٨ـی پووشپەڕی ١٣٩٩ی هەتاوی، خەڵکی شاری پاوە لە بەردەم تێرمیناڵی کرماشان-پاوە، کۆ بوونەوە و پێشوازییان لە تەرمی ئەم سێ ژینگەپارێزە کرد کە لە کاتی کوژاندنەوەی ئاگری دارستانەکانی مەرەخێڵی پاوە، گیانیان لەدەست دا.
خەڵکی شاری پاوە بە گوتنەوەی سروودی “ئەی شەهیدان” و هەڵگرتنی پلاکارت بە دروشمی “نامرن ئەوانەی وا لە دڵی میللەتا دەژین” پێشوازییان لە تەرمی چالاکوانانی پارێزەری نیشتمان کرد.
جێی ئاماژەیە، ڕۆژی یەکشەممە، ٨ـی پووشپەڕ، لە کاتی کوژاندنەوەی ئاگری دارستانەکانی مەرەخێڵی پاوە، سێ چالاکی ژینگەپارێزی بە ناوەکانی “موختار خەندانی، بیلال ئەمینی و یاسین کەریمی”، گیانیان لەدەست دا و چەند ژینگەپارێزی دیکەش بریندار بوون.