کەژوانانی ژینگەپارێزی “پاژین”ی، بانە بۆ ڕێزگرتن لە یادی شیمیابارانی شاری سەردەشت چالاکییەکیان بەڕێوە برد.
ڕۆژی شەممە ۷ی پوشپەڕی ١٣۹۹ی هەتاوی، بەشێکی بەرچاو لە ئەندامان و کەژوانانی ژینگەپارێزی پاژین، بە سەرکەوتن بە سەر کێوی “ئاربەبا”ی بانە یادی شیمیابارانی شاری سەردەشت، یەکەم شاری شیمیایی لێدراوی جیهانیان لە کێوی ئاربەبا بەرز ڕاگرت.
جێی ئاماژەیە لەو چالاکییەدا چالاکوانان هاوخەمی خۆیان لەگەڵ بنەماڵەی شەهیدان و بەرکەوتوانی ئەو چەکە شیمیاییە دووپات کردەوە و هەروەها ڕایانگەیاند کە ئیدانەی هەموو جموجۆڵێکی دەوڵەتانی تر دەکەین کە بە چەکی کۆمەڵکوژ هەوڵی لە نێوبردنی نەتەوەکانی تر و بە تایبەت کورد دەدەن.
شایانی باسە، ٧ی پووشپەڕی ئەمساڵ ٣٣ ساڵ بەسەر کارەساتی شیمیابارانی شاری سەردەشتدا تێپەڕی، کە لە بۆمبارانی فڕۆکە شەڕکەرەکانی حکوومەتی عێراقدا زیاتر لە ١٠٠ کەس گیانیان لەدەست دا و بە پێی ئەو داتا وزانیارییانەی کە بڵاو کراونەوە نزیک بە ٨ هەزار کەسیش بریندار و نقووستان بوون و تا ئێستاش بەدەست ئازارەکانیانەوە دەناڵێنن.