لە درێژەی کوشتنی کۆڵبەران بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە چەکدارەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران، سێ کۆڵبەری کورد کوژران و بریندار بوون.
شەوی شەممە لەسەر یەکشەممە ۷ی پووشپەڕی ١٣٩٩ی هەتاوی، لە سنووری نێوان ڕۆژهەڵات و باکووری کوردستان هێزە چەکدارەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران تەقەیان لە دەستەیەک کۆڵبەر کرد و لە لە ئاکامدا، سێ کۆڵبەری خەڵکی شاری “سیلوانا”، بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە چەکدارەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران کوژران و بریندار بوون.
بەپێی زانیارییە بڵاوکراوەکان تا ئێستا ناسنامەی دوو کۆڵبەر ئاشکرا بووە کە کۆڵبەرێک بە ناوی “سالم سلێمان نەژاد”، گیانی لەدەست داوە و کۆڵبەرێکیش بە ناوی “داود مەجیدیان”، بە سەختی بریندار بووە.
شایانی باسە، لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان بەشێکی بەرچاو لە کەسانی هەژار و نەدار بۆ پەیدا کردنی بژیوی ژیانی ڕۆژانەیان و لە پێناو پەیدا کردنی پاروە نانێک هەوراز و نشێو و ناوچە سەختەکانی سنوورەکان دەبڕن و هەر لەو ڕێگەیەشدا بە هۆی تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە چەکدارەکانی کۆماری ئیسلامی و بەربوونەوە لە بەرزاییەکان گیان لەدەست دەدەن و بریندار و نقووستان دەبن.