سێ ئەندامی ئەنجومەنی ژیوای پاوە بە ناوەکانی “موختار خەندانی، بهلال ئهمینی و یاسین کەریمی”، لە کاتی کوژاندنەوەی ئاگری دارستانەکاندا گیانیان لەدەست دا.
ڕۆژی یەکشەممە، ٨ی پووشپەڕی ١٣٩٩ی هەتاوی، “موختار خەندانی، بەلال ئەمینی و یاسین کەریمی”، ئەندامانی چالاکی ئەنجومەنی ژینگەپارێزی ژیوای پاوە، لە کاتی کوژاندنەوەی ئاگری دارستانەکانی ناوچەی “مەڕەخێڵە”ی پاوە، لە پێناو پاراستنی ژینگەی نیشتمان لە ئاگردا سووتان و گیانیان لەدەست دا.
جێی ئاماژەیە ماوەی چەند ڕۆژێکە ئاگر گرتنی دارستانەکانی ناوچەی مەرەخێڵی پاوەی سەر بە پارێزگای کرماشان بەردەوامە و هەوڵی چالاکانی ژینگەپارێز و خەمخۆرانی نیشتمان بۆ کوژاندنەوەی ئاگرەکە تا ئێستا بێ ئاکام ماوەتەوە.
شایانی باسە، لەگەڵ هاتنی وەرزی گەرما سووتانی دارستانەکان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە هۆکارگەلی جیاواز دەست پێ دەکا و ڕۆژ نییە دارستان و لێڕەواری یەکێک لە شارەکانی کوردستان لە ئاگردا نەسووتێ و بۆ کوژاندنەوە و کۆنتڕۆڵ کردنی ئاگرەکەش تەنیا چالاکانی مەدەنی و ژینگەپارێزانن کە بە دەستی بەتاڵەوە هەوڵی خامۆش کردنی ئاگرەکە دەدەن و لەو ڕێگەیەشدا ژمارەیەکی دیار لە کەسانی چالاک و خەمخۆری نیشتمان گیانیان لەدەست داوە.