“سۆهەیلا حیجاب”، زیندانیی سیاسیی کورد لە مانگرتن لە بەندیخانەی قەرچەکی وەرامین بەردەوامە.
بەپێی هەواڵی هەواڵدەریی هێرانا، ناوەندیی چالاکانی مافی مرۆڤ، “سۆهەیلا حیجاب”، زیندانی سیاسیی کورد کە لە ڕۆژی ٢٧ی جۆزەردانی ٩٩ی هەتاوییەوە بە نیشانەی دەربڕینی ناڕەزایەتی و ڕاگرتنی لە بەندیخانەی قەرچەکی وەرامین مانی لە خواردن گرتوە و ئەمڕۆ سێزدە ڕۆژە دەستی داوەتە مانگرتن و بەرپرسانی زیندان ناهێڵن لەگەڵ بنەماڵەکەی لە ڕێگای تەلەفونەوە پەیوەندی هەبێ.
سەرچاوەیەکی ئاگادار لە بارەی دۆخی سۆهەیلا حیجاب دەڵێ: “ناوبراو لەو ماوەیەدا کێشی دابەزیوە و تووشی فشارخوێن بووە و دۆخی تەندروستی لە مەترسیدایە. “سۆهەیلا حیجاب” شەوی پێنجشەممەی ڕابردوو کە بە ڕاگواستنی زێنەب جەلالیان زیندانی سیاسیی کورد کە بۆ شوێنێکی نادیار ڕاگوازراوە، ناڕەزایەتی نیشان دا و لە لایەن بەرپرسانی زیندان کەوتە بەر لێدان و بێڕێزی پێکردن.
مانگرتنی ناوبراو بە نیشانەی ڕاگرتنی لە بەندیخانەی قەرچەکی وەرامین و ڕانەگواستنی بۆ زیندانی ئێڤین و هەروەها داوای ئازادکردنی براکەی “مەجید حیجاب” بووە.
سوهەیلا حیجاب، پارێزەر و چالاکی مەدەنی خەڵکی کرماشان، لەلایەن دادگای شۆڕشی تاران بە چەندین تۆمەت وەکوو ”پڕوپاگەندە دژی نیزام“، ”تێکدانی بیروڕای گشتی بە مەبەستی ئاژاوە نانەوە“، ”دروست کردنی گرووپ بۆ داکۆکی لە مافی ژنان“ و ”داوای بەڕێوەچوونی ڕیفراندۆم و گۆڕینی یاسای بنەڕەتیی ئیران“ سەرجەم حوکمی ١٨ ساڵ بەندکرانی بە سەردا سەپێندراوە.