لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان گرانی و چوونە سەری نرخی خواردەمەنی گەیشتۆتە جێگەیەکی مەترسیدار و خەڵک لەگەڵ برسییەتی و نەداری بەرەوڕوو بوونەتەوە.
بەپێی ئەو هەواڵ و ڕاپۆرتانەی کە لە شارەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بەدەستمان دەگەن، گرانی گەیشتۆتە جێگایەک کە تەنانەت زۆر کەس توانای کڕینی خواردەمەنیشیان نییە.
نەخۆشی کۆڕۆنا، چوونە سەری نرخی پێداویستییەکانی ژیان، دابەزینی تمەن و چوونە سەری نرخی دۆلار کە لە ٢٠ هەزار تمەن تێپەڕیوە، بێکاری و نەبوونی و لە هەموویان گرینگتر نەبوونی دەسەڵاتێکی خەمخۆر و دادپەروەر بوونەتە هۆی ئەوەی کە زۆر کەس نەتوانێ بژیوی ژیانی ڕۆژانەی دابین بکات.
چینی هەژار و بێکار لەو چینانەن کە زۆرترین مەترسی لەسەر ژیانیان هەیە، زۆربەی ئەوانە لە لای خزم و دۆست و ئاشنا بە قەرز خواردەمەنی و تەنانەت نان لە نانەواخانەکان بە قەرز دەبەن و هیچ هیوایەک و ئاسۆیەکیش نییە کە بتوانن قەرزەکانیان بدەنەوە.
هەر بەهۆی نەبوونی و برسیەتییەوە دزی بۆتە دیاردەیەکی جێی ترس و نیگەرانی و بەهۆی بێکاری و نەبوونیەوە لە هێندێک شار و ناوچەی کوردستان کۆمەڵە خەڵکێک پەنایان بۆ دزی و ڕاووڕووت بردوە و ئەمەش بۆتە هۆی دڵەڕاوکێ و دڕدۆنگی لەنێو خەڵکدا و خەریکە دۆخەکە دەگاتە ئاقارێکی مەترسیدار.
لە چەند شارێکی دیکەی ئێرانیش بە تایبەت تارانی پێتەخت، نەداری گەیشتۆتە جێگەیەک کە دوو ماڵ بەیەکەوە خانوویەک بەکرێ بگرن و تەنانەت سەربانی ماڵەکانیش شەوانە بە پەنجا هەزار تمەن بەکرێ دەدرێ.
لەگەڵ ئەوەی کە زۆر کەس بە برسییەتی دەخەون، دەبینین ڕۆژانە ڕۆژنامە و ڕاگەیاندن و دادگاکان پڕن لە ناوی کاربەدەستی پلەبەرزی ڕێژیم کە دەستیان هەیە لە گەندەڵی و دزینی سامانی گەلانی ئێران و کەم کاربەدەستی پلەبەرزی ڕێژیم هەیە کە بەجۆرێک لە جۆرەکان لە گەندەڵی تێوە نەگلابێ.
خەڵکی لە ئێران نان لە نانەواخانە بە قەرز دەبەن، بەڵام پاپۆرەکانی پڕ لە کەلوپەل و خواردەمەنی لە ئێرانەوە ڕەوانەی ڤێنزۆئێللا دەکرێن و ئاوڕێک لە ژیانی خەڵکی هەژار نادرێتەوە.
لە ئێران زۆر کەس سەربانی ماڵەکان بەکرێ دەگرن بۆ ئەوەی کە شەو تا بەیانی بتوانن بخەون، بەڵام هەر بە وتەی کاربەدەستانی ڕێژیم، دەوڵەتی ڕۆحانی خەریکی ئاوەدان کردنەوە و سازکردنی خانووبەرەیە لە وڵاتی سووریە.
لە کاتێکدا کە خەڵک بەدەست برسیەتییەوە دەناڵێنن، کۆماری ئیسلامی خەریکی ساز کردنی مووشەک و بۆمبی ئەتۆمە، پارە و سامانی گەلانی ئێران ڕەوانەی عێراق و سووریە و یەمەن و لوبنان دەکرێ و گرووپ و میلیشیای تێرۆریستی پێ پڕ چەک دەکرێ.
سیاسەتی هەڵە و دژە کوردی کۆماری ئیسلامی، لە کوردستان گەیشتۆتە جێگایەک کە خەریکە بەهۆی نەبوونی و برسییەتی گرفتێکی گەورەی ئینسانی ڕوو دەدا و کۆمەڵە خەڵكێک بۆ ئەوەی لە برسان نەمرن بە ناچاری پەنا بۆ دزی و ڕاوڕووت دەبەن کە ئەمەش بێباوەڕی بە یەکتر و دردۆنگی و نائەمنی لەنێو خەڵکدا ساز دەکا و ڕەنگە کێشەی کۆمەڵایەتی جۆراوجۆری لێبکەوێتەوە.











