له مانگی یه‌که‌می پاییزی ئه‌مساڵ واته ٩٤ی هه‌تاوی کۆمه‌ڵێک کار‌و چالاکی فه‌رهه‌نگی وئه‌ده‌بی له رۆژهه‌ڵات ده‌ستی پێکردووه و هێشتاکه‌ش درێژه‌ی هه‌یه، له‌م بابه‌ته‌دا هه‌وڵ ده‌ده‌ین هه‌م ئاوڕێکی خێرا بده‌ینه‌وه له ڕه‌وتی گه‌شه‌ی بواری فه‌رهه‌نگ وئه‌ده‌ب له رۆژهه‌ڵات و، هه‌میش چالاکییه‌کانی ئه‌م دواییانه زیاتربخهینه به‌رباس.
ئه‌گه‌ر ئه‌مرۆکه چالاکییه فهرههنگییو مه‌ده‌نییه‌کانی رۆژهه‌ڵات قه‌باره‌ی خه‌باتێکی نهرمو پڕداهاتی به خۆیەوە گرتووه به‌رانبه‌ر به سیاسه‌تی کهتمانو، وه‌لاخستنی سیاسی ناوهندو سانتڕالیزمێکی هه‌مه‌لایه‌نه بووە که له مێژه بۆته به‌ربه‌ستی سه‌ر ڕێی بواری فهرههنگو هونه‌ر له ئێرانی ژێر ده‌سه‌ڵاتی کۆماری ئیسلامی وئه‌م زه‌خت وبه‌ربه‌سته زیاتر کوردستانی گرتووته‌وه. به‌ڵام له ده‌یه‌ی حه‌فتا به‌ملاوه به هۆکارگه‌لی سیاسیی ناوخۆیی وئاڵۆگۆری ناوچه به‌تایبه‌ت به ده‌سه‌ڵات گه‌یشتنی کورد له باشووری کوردستان گیانێکی تازهترو جموجۆڵی باشتر له بواری فهرههنگو ئه‌ده‌ب به‌تایبه‌تی ئه‌ده‌بی زگماکی ونه‌ته‌وه‌یی له رۆژهه‌ڵاتدا ده‌بیندرێت. ئه‌م ڕه‌وته هه‌رچه‌ند له دوای هاتنە سه‌رکاری ده‌وڵه‌تی بناژۆخوازان تا ڕاده‌یه‌کی زۆر کز ده‌بێ، به‌ڵام وه‌کوو خه‌باتێکی ئێعترازی به‌رانبه‌ر به ده‌سه‌ڵاتی باڵا به ته‌واوی له گه‌ڕ ناکه‌وێ و کۆمه‌ڵی چالاکان‌و خه‌مخۆرانی بواری فه‌رهه‌نگ له که‌مترین و به‌رته‌سکترین ده‌رفه‌ت به‌باشی که‌ڵک وه‌رده‌گرن بۆ په‌ره‌پێدان به زمان‌و ئهدهبو کلتووری نه‌ته‌وه‌یی. به سه‌رنجدان به کۆی ئەو رێوره‌سمانه ده‌رده‌که‌وێ که له چه‌ند خاڵدا هاوبه‌شن:
یه‌که‌م، هه‌ڵگری باگراوه‌ندی نه‌ته‌وه‌یین به‌تایبه‌ت له بواری زماندا، دووهه‌م له‌سه‌ر ده‌ستی کۆمه‌ڵێک هه‌ڵسوورو چالاکی مهدهنیو فه‌رهه‌نگی به‌رێوه‌ده‌چن و له لایه‌ن خه‌ڵکه‌وه باشترین پێشوازییان لێده‌کرێ. هه‌روه‌ها له سایه‌ی ساباتی ئه‌م چه‌شنه چالاکی گه‌له، ناوچه جیاجیاکانی رۆژهه‌ڵات تێکهڵاویو پێوه‌ندییان زیاتر بووه؛ باشتر له‌گەل جیاوازی‌و فره‌چه‌شنی زاراوه‌یی‌و کلتووری یه‌ک ئاشنا بوونه‌و بۆته هۆی پته‌وبوونی پێوه‌ندی فهرههنگیو نه‌ته‌وه‌یی. خاڵی گرینگتر بووژانه‌وه‌و به جۆرێک زیندووبوونی هه‌ستی شوناسخوازی له‌و ناوچانه‌یه که به هۆی پانتایی جوغرافیاو سیاسه‌تی دهسهڵاتدارانو شۆڕنهبوونهوهی دیالۆگی میللی ـ دێمۆکراتیکی کورد بۆ ئه‌و ناوچانه وه‌کوو کرماشان‌و ئیلام‌و … له ده‌یه‌ی70ی هه‌تاوی به‌ملاوه شێوه‌ی به‌ربڵاو به‌خۆیه‌وه دهگرێو، هه‌ربۆیه رۆژبه‌رۆژ شاهیدی گه‌شایی زیاترین و سیاسه‌تی چه‌ندین‌و چه‌ند ساڵه‌ی حکومه‌تی ناوه‌ندی روو له هه‌ره‌س هێنانه. بۆ نموونه له رۆژانی 14و 15ی ڕه‌زبه‌ری ئه‌مساڵ له شاری(گیلانغرب)ی پارێزگای ئیلام که چه‌ند ساڵێکه بۆته یه‌ک له ناوه‌نده گرینگه‌کانی ئهدهبو زمانی کوردی لەو پارێزگایه‌و کاریگه‌ری ئه‌وتۆی هه‌بوو به‌سه‌ر شاروگۆندهکانی ده‌وروبه‌ری خۆی، دووهه‌مین فستیڤاڵی «منداڵ‌و مهلوچگ» به‌رێوەچوو که هه‌ر ناوه‌که‌ی نیشانەی بایه‌خدانێکی بنهڕهتیو زانستییه به زمانی زگماکی‌و ئه‌ده‌بی زاره‌کی له‌و ناوچەیە و گشتگیر کردنی له‌نێو بنه‌ماڵه‌و منداڵاندا، که چیتر وه‌کوو به‌ره‌ی ڕابردوو تووشی مه‌سخی فه‌رهه‌نگی نه‌بن که ئه‌مه بۆ خۆی خه‌باتێکی ژێرخانی و داهاتووداره.
ده‌توانین بیژین: سه‌ره‌ڕای نه‌بوونی ده‌سه‌ڵاتی کوردی‌و دێموکراتیک له رۆژهه‌ڵاتی کوردستان و توتالیتهریی کۆماری ئیسلامی که وه‌کوو پاییزێک سێبه‌رێکی سارد‌و درێژی کشاوه به‌سه‌ر خواست‌و ویستی نه‌ته‌وه‌یی، چالاکان، نووسه‌ران، هۆگرانو خه‌مخۆرانی بیاڤی فهرههنگو ئه‌ده‌ب هیچکات خهمساردنهبوونهو له‌وپه‌رێ هه‌بوونی به‌ربه‌ستی ماددی‌و مه‌عنه‌وه‌ی درێژه به تێکۆشانی خۆیان ده‌ده‌ن که جێگه‌ی سه‌رنج و پێزانینه.
پاییزی ئه‌مساڵ له شاره‌کانی رۆژهه‌ڵات به ههوڵو ماندووبوونی خۆیان به‌هارێکیان نه‌خشاند له باخی خه‌زان لێدراوی فهرههنگو ئه‌ده‌بی کوردی‌و ئه‌م کاروانه گۆڵرێزه هێشتاکه‌ش درێژه‌ی هه‌یه. چه‌ند رێوره‌سمی ئه‌م دواییانه بریتین له:
١ـ به‌رێوه‌چوونی ده‌یه‌مین فستیڤاڵی نێونه‌ته‌وه‌یی شانۆی سه‌رشه‌قامی شاری مه‌ریوان له رۆژانی ٦ هه‌تا ٩ی ره‌زبه‌ر. شانۆی سه‌رشه‌قامی مه‌ریوان که ده‌ساڵه له‌و شاره‌دا به‌رێوه ده‌چێ، ئێستاکه بۆته بوونێکی فه‌رهه‌نگی گرینگ و نازناوی نێونه‌ته‌وه‌یی هه‌یه. ئەم فستیڤاڵە ئه‌مساڵ به چه‌خت کردن له‌سه‌ر داب‌و نه‌ریتی گهلانو هه‌روه‌ها نواندنی شێوه‌ی نوێی له شانۆی سه‌رشه‌قام و به دروشمی «ئاشتی، دۆستی و به‌رگری کردن له هه‌ژاران له ئاستی نێونه‌ته‌وه‌یی‌و به به‌شداری ده‌یان گرووپی شانۆی کوردستانی‌و بیانی له شاری مه‌ریوان به‌رێوه‌چوو.
٢- دووهه‌مین فستیڤاڵی ئه‌ده‌بی»منداڵومهلوچگ» له شاری گیلانغه‌ربی پارێزگای ئیلام، له رۆژانی ٦ تا ٧ی ڕه‌زبه‌ر. ئه‌م فستیڤاڵه یه‌که‌مجار له‌سالی ٩٢ی هه‌تاوی له شاری «ئه‌یوان» به‌رێوه‌چوو.
٣ـ به‌رێوه‌چوونی سێهه‌مین «پاییزه شێعری له‌یلاخ» له شاری دێولان به‌هاوکاری ئه‌نجومه‌نی ئه‌ده‌بی ئه‌و شاره‌و ڕیکخراوی فه‌رهه‌نگی رچه‌ی له‌یلاخ.
٤ـ رۆژی پێنج شه‌ممه ٢٣ ڕه‌زبه‌ر له شاری شنۆ به هیمه‌تی بنکه‌ی›› پرشنگی گه‌ڵاوێژی» ئه‌وشاره‌و به‌شێکی زۆر له فه‌رهه‌نگ دۆستانی رۆژهه‌ڵاتی یه‌که‌مین کۆنگره‌ی رێزگرتن‌و ناسینی شاعیرعارفی کورد»شێخ ئه‌حمه‌دی کۆر» به‌رێوه‌چوو که له‌و رێوره‌سمه‌دا ١٩بابهتو پانێلێکی زانستی له لایه‌ن به‌شداربووانه‌وه پێشکه‌ش کراو قه‌راره کۆی بابه‌ته‌کان له دووتۆی کتێبێک بخرێته به‌ردیده‌ی خوێنه‌ران.
٥- پاییزی ئه‌مساڵ دوابه‌دوای بڵاوکردنه‌وه‌ی بانگه‌وازێک له لایه‌ن هێندێک له رێکخراوه مه‌ده‌نییه‌کانی شاری سنه‌و چه‌ند شارێکی دیکه‌ی رۆژهه‌ڵات رۆژی 23رهزبهریان به رۆژی گرینگی‌دان به جلوبه‌رگی کوردی له رۆژهه‌ڵاتی کوردستان دیاری کرد‌و هه‌ر بو ئه‌م مه‌به‌سته‌ش داوایان له خه‌ڵکی رۆژهه‌ڵات کرد که بۆ زیندوومانهوهو بایخدان به که‌له‌پووری ره‌سه‌نی کوردی، له‌و رۆژه‌دا به سیمایه‌کی نه‌ته‌وه‌یی له شار‌و بازار‌و شوێنی کار‌و خوێندنگه‌و زانکۆکان ده‌رکه‌ون، که ئه‌م بانگه‌وازه به جوانی‌و له ئاستێکی به‌ربه‌ریندا له‌لایه‌ن خه‌ڵکی رۆژهه‌ڵات به‌تایبه‌ت شارەکانی سنه‌و سه‌قز پێشوازی لێکراو، وه‌کوو خه‌باتێکی نهرمو که‌م تێچوو ده‌نگدانه‌وه‌ی باشی هه‌بوو.
ئه‌م چه‌ند رێوره‌سمه له سه‌ره‌تای پاییزهوە هەتا ئێستا له رۆژهه‌ڵات بهریوهچوون. هه‌روه‌ها له رۆژانی داهاتوو له شاری پیرانشار پێنجه‌مین فستیڤاڵی فۆلکلۆری کوردی له ژێر ناوی «هه‌وارگه‌ی سۆز» له رێکه‌وتی ١٠ی خه‌زه‌ڵوه‌ر به‌رێوه ده‌چێ.
٦- ده‌سپێکردنی یه‌که‌مین خه‌ڵاتی ئه‌ده‌بیی کتێبی کورد به ناوی «خه‌ڵاتی ئه‌ده‌بیی د.برایم یوونسی» له شاری بانه که قه‌راره ئه‌م خه‌ڵاته له مانگی رێبه‌ندانی ئه‌مساڵ له چه‌ند به‌شی»رۆمان، چیرۆک، ره‌خنه‌و لێکۆڵینه‌وه‌و وه‌رگێڕانی ئه‌ده‌بی» پێشکه‌ش بکرێت.
به له‌به‌رچاو گرتنی کۆی ئه‌م رووداوه فه‌رهه‌نگیانه‌ی رۆژهه‌ڵات ده‌توانین بڵێین: خه‌باتی نه‌رم ونیانی فه‌رهه‌نگی له رۆژهه‌ڵات له ناخی پاییزدا له گه‌شه کردن دایه‌و موژده‌ی به‌هارێکی به‌رینی پێیه.
ئەی چارەنووس! ڕێگام بۆ ئاوەڵاکەوە ،
تاکوو بۆ کۆمەڵگای مرۆڤ هەنگاوێک هەڵگرم ،
تاکوو ئەم ئاگرە پاکە کە دەم ورووژێنێت
بە خۆڕایی لە نێو نەچێت .
من گڕێکم له دڵ دایه،
هەر دڵۆپه خوێنک له ده‌ماره‌کانمدا ده‌کوڵێنێت.
هه‌ر لێدانێکی دڵ نزایه‌که ،
بۆ به‌خته‌وه‌ری جیهان.
دەمەوێ رۆژێک بتوانم هیواکانم بڵێم
نەک تەنیا بە قسەی نێوان پووچەڵ، بەڵکوو بە کار و کردەوە،
ئەگەرچی خەڵاتی کارم
تەنیا جلجتائێکی نوێ و خاچێکی نوێ بێت
مردن لە بەر ئاسوودەیی هەموو خەڵکان،
چەند خۆش و چەندە جوانە.
خۆشتر و جوانتر لە هەموو چێژبردنەکان لە هەموو تەمەنی بێ‌ئاکام و بێ کەڵک.
بڵێ!ئەی چارەنووس بڵێ!
کە مەرگێکی وام هەیە ،
مردنێکی پیرۆز .
لەو کاتەدا من بە دەستانی خۆم ساز دەکەم
خاچێک کە لە سەری بزمارڕێژ دەکرێم
……………………………….
شیعر: شاندره پتۆڤی
وه‌رگێر: ساراههورامی
لە ژماره ٦٦٦ ی رۆژنامه‌ی “کوردستان”دا بڵاو بۆته‌وه