ئەندامێکی حیزبی دێموکراتی کوردستان لە بۆکان بەهۆی نەخۆشیی کۆڕۆناوە کۆچی دوایی کرد.
بەپێی هەواڵێک کە بە ناوەندی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکراتی کوردستان گەیشتوە، ڕۆژی ٦ی پووشپەڕی ٩٩ی هەتاوی، کاک “حەسەن بیگزادە بابامیری”، مامۆستای قوتابخانە و ئەندامی حیزبی دێموکراتی کوردستان بەهۆی نەخۆشی کۆڕۆناوە کۆچی دوایی کردوە و چەند ڕۆژ لەمەوبەریش هاوژینەکەی هەر بە هەمان نەخۆشیی گیانی لەدەست دابوو.
کاک حەسەن بیگزادە بابامیری لە بنەماڵەی فەیزووڵڵابەگی بۆکان بوو، باوکی و مامی بە ناوی عومەر بیگزادە بابامیری لە سەردەمی ڕێژیمی پەهلەویدا بەهۆی ئەندامەتی لە حیزبی دێموکراتدا کەوتبوونە زیندان و لە ئەشکەنجەگاکانی قزلقەلعە، قەسر، تەورێز و مەهاباد، زیندانی بوون و چەند جارێک بە تاوانی کوردایەتی و نیشتمانپەروەری گیراون.
کاک حەسەن بیگزادە وەک ئەندامێکی دڵسۆز و چالاکی حیزبی دێموکرات و مامۆستایەکی نیشتمانپەروەر، هەمیشە ئامادەی خزمەت بە گەل و حیزبەکەی بوو و بە نهێنی چەند جارێک سەردانی تێکۆشەرانی دێموکڕاتی کردوە و هەموو جارێ لە نزیکەوە پەیمانی وەفاداری لەگەڵ حیزبی دێموکراتی کوردستان و ڕێبازی پڕ لە شانازی حیزب دووپات کردۆتەوە و تا کۆتایی تەمەنی وەک ئەندامێکی دڵسۆز و خاوەن بیروباوەڕ درێژەی بەکاری حیزبی داوە.
کاک حەسەن لەگەڵ ئەوەی کە ئەندامی حیزب و مامۆستای قوتابخانە بوو و خزمەتێکی زۆری بە منداڵانی کورد کرد، کتێبێکی باوکی کاک حەسەن کە پڕە لە شێعری نیشتمانی لە هەولێر دراوە بە وەزارەتی ڕۆشنبیری و لەژێر چاپ دایە.
لە لایەن ناوەندی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکراتی کوردستانەوە سەرەخۆشی خۆمان ئاراستەی بنەماڵەی بەڕێزی بابامیری و خەڵکی بۆکان دەکەین و خۆمان بە شەریکی خەمیان دەزانین.