کۆڵبەرێکی کورد لە ئەنجامی تەقەی هێزە نیزامییەکانی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران گیانی لەدەست دا.
ڕۆژی پێنجشەممە ۵ی پووشپەڕ، کۆڵبەرێکی کورد بە ناوی “شاکر برووکی میلان” خەڵکی گوندی “ناور”ی شاری چاڵدێران، پاش دەسبەسەرکردنی لەلایەن هێزە چەکدارەکانی حکوومەتەوە، بە دەست و پێ بەستراوەییەوە دراوەتە بەر دەسڕێژی گولـلە و گیانی لەدەست داوە.
ئەو کۆڵبەرە کوردە، لە بەرزاییەکانی سنووری چاڵدێران لە لایەن هێزە نیزامییەکانی حکوومەتەوە دەسبەسەر کراوە و لە مەودایەکی کورتدا تەقەی لێ کراوە.
لەو پەیوەندییەدا، ڕۆژی چوارشەممە ٤ی پووشپەر، کۆڵبەرێکی دیکەی کورد بە ناوی “قاسم سەرباز” خەڵکی گوندی “سگریک” سەر بە شاری چاڵدێران، لە ئەنجامی تەقەی هێزە چەکدارەکانی حکوومەت لە بەرزاییەکانی ئەو شارە گیانی لەدەست دا.
شایانی باسە کە بەشێکی زۆر لە خەڵکی ناوچە سنوورییەکانی کوردستان، لە بەر بێکاری ڕوو دەکەنە کۆڵبەری و ساڵانە بە دەیان کەس لەو ڕێگایەوە بە تەقەی هێزە چەکدارەکانی کۆماری ئیسلامی گیانیان لە دەست دەدەن.