هاوکات لە گەڵ هێرش بۆ سەر حەشدی شەعبی لە عێراق بە هاوبەشی دژە تێرۆر و هێزەکانی ئەمریکا، تەقینەوەیەکی بەهێز لە دامەزراوەی “پارچین” لە تاران ڕووی دا.
بە پێی هەواڵی هەواڵدەرییەکان و ئەو ڤیدیۆ و فیلمانەی کە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا بڵاو کراونەتەوە، شەوی پێنچ شەممە لەسەر هەینی ٥ی پووشپەڕی ٩٩ی هەتاوی، تەقینەوەیەکی بەهێز لە ناوەندێکی سەربازی و ناوکی ڕێژیم لە ناوچەی پارچین لە نزیک شاری تاران ڕووی دا کە بەرپرسانی ڕێژیم هۆکارەکەی بۆ تەقینەوەی گاز لەو دامەزراوەیە دەگەڕێننەوە، بەڵام کارناسانی سیاسی و سەربازی وڵاتان پێیان وایە کە تەقینەوەکە زۆر گەورەتر لە تەقینەوەی چەند ئەنبارێکی گازە و پێدەچێ تاقیکردنەوەی ناوکی یان تەنانەت لێدانی ئەو بنکەیە لە لایەن ئیسرائیلەوە بووبێ.
شایانی باسە کە ١٠ ساڵ پێش و ساڵی ٩٣ی هەتاویش جارێکی دیکە تەقینەوەی هاوشیوە لەو ناوەندەدا ڕووی دا و کارناسانی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ناوکی و ڕۆژئاوایی بە بنکەیەکی ناوکی دەزانن، بەڵام کۆماری ئیسلامیی ئێران بەردەوام ڕەتیکردۆتەوە کە خەریکی تاقیکاری چەکی ناوکی بێ.