ئەمڕۆ ٣٣ ساڵ بەسەر شیمیابارانی شاری سەردەشتدا تێدەپەڕێ کە لە لایەن فڕۆکە شەڕکەرەکانی حکوومەتی بەعسی عێراقەو ئەنجام درا.
ئەمڕۆ ٧ی پووشپەڕ ٣٣ ساڵ بەسەر کارەساتی شیمیابارانی شاری سەردەشتدا تێدەپەڕێ کە لەو بۆمبارانەی فڕۆکە شەڕکەرەکانی حکوومەتی ئەوکاتی عێراقدا زیاتر لە ١٠٠ کەس گیانیان لەدەست دا و بە پێی ئەو داتا و ئامار و زانیارییانەی کە تا ئێستا بڵاو کراونەتەوە، نزیک بە ٨ هەزار کەسیش بریندار و نقوستان بوون و تا ئێستاش بە دەرد و ژانی چارەسەر نەکراوی زامەکانیانەوە دەناڵێنن.
لە کاتی شەڕی دوو دەوڵەتی دژ بە کوردی کۆماری ئیسلامی و بەعسی عێراق، کوردستان یەکێک لە مەیدانەکانی شەڕی ئەو دوو دەوڵەتە خوێنڕێژە بوو کە لە هیچ جینایەتێک خۆیان نەپاراست و خەڵکێکی زۆریان بەکوشت دا و ماڵوێرانییەکی زۆریان تووشی گەلانی ئەم دوو وڵاتە کرد. کوردستان کە ببووە مەیدانێکی گەورەی شەڕی ئەو دوو دەوڵەتە، خەڵکێکی زۆر لە کوردستان بوونە سووتەمەنی شەڕی ئەو دوو لایەنە و بەشێک لە شارەکانی کوردستان تووشی زیان بوون و بە سەدان گوند وێران و زیانێکی گەورە بە سروشتی کوردستان گەیشتووە و تا ئێستاش ڕۆلەکانی گەلەکەمان دەبنە قوربانی مینە چێندراوەکانی ئەو شەرە.
ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران کە نێوبژیوانیی لایەنە نێودەوڵەتییەکانی بۆ ڕاگرتنی شەڕ قبووڵ نەکرد و هەر بە خەیاڵی داگیرکردنی نەجەف و کەربەلا بوو، بوو بەهۆی ئەوەی کە ئەو شەڕە ماڵوێرانکەرە زیاتر درێژە بکێشی و ئەمەش بوو بەهۆی ئەوەی کە خەڵکێکی زۆرتر ببنە قوربانی. شیمیایی بارانی شاری سەردەشت لە ساڵی ١٣٦٦ی هەتاوی و زەردەی کرماشان لەو کارەساتانە بوو کە خەڵکی بێدیفاع و بێتاوان بوونە ئامانج و تا ئێستاش ئاسەواری شیمیاباران لەسەر جەستەی خەڵک و لەسەر جەستەی سەردەشت و زەردەی کرماشان ماوەتەوە.
لەگەڵ ئەوەی کە ٣٣ ساڵ بەسەر ژانی جەستەیی و دەروونی خەڵکی سەردەشتدا تێدەپەڕێ، بەڵام تا ئێستاش ڕێژیمی ئاخوندی لەگەڵ ئەوەی کە پووڵ و کەلوپەلێکی زۆر بەناوی قوربانییەکانی ئەم بۆمبارانە لە ڕێکخراوە جیهانییە بەشەردۆستەکان وەردەگرێ، ئاوڕێکی جیددی لە ژیان و ئازارەکانی خەڵک نەداوەتەوە و بەجێی پێڕاگەیشتن و ئاوەدانی و کەم کردنەوەی ئازار و ئاسەوارەکانی ئەو بۆمبارانە، هەر خەریکی زیاتر وێرانکردنی سروشتی ئەم ناوچەیە و ئاگرتێبەردانی ڕەز و باخ و میلیتاریزەکردن و کۆڵبەر کوشتن و برسی کردن و زیندانی کردنی خەڵکی ئەم شارەیە.
لەم وەرزی پەتای کۆڕۆنایەدا ژان و ئازارەکانی ئەم زامدارنە لە پێشتر زیاترە و نەبوونی و بێکاری و گرانی دەرمان و پێداویستییە پزیشکییەکان بارێکی قورسی خستۆتە سەرشانیان و لێرەدا پێویستە خەمخۆرانی نیشتمان زیاتر لە جاران بە دەنگیانەوە بچن و هاوکار و پشتیوانیان بن و نەهێڵن هەست بە تەنیایی بکەن.