کاربه‌ده‌ستێکی پایەبەرزی رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان گوتی ژنان‌و منداڵانی پەنابەر کە بەرەو ئورووپا بەڕێوەن، له‌لایه‌ن قاچاغچییه‌کانه‌وه ئازاری سێکسی دهدرێنو توند‌و تیژییان له‌گه‌ڵدا ده‌کرێ.
به‌پێی ڕاپۆرتی هه‌واڵده‌ریی فه‌ڕانسه مێلیسا فلێمینگ، وتەبێژی کۆمیساریای بەرزی پەنابەرانی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان له‌گه‌ڵ ڕاگه‌یاندنی ئه‌و هه‌واڵه گوتی که بۆ سەلماندنی ئەم بابەتە پشتیان بە گێرانه‌وه‌ی کۆچبه‌رانو زۆر شایەدحاڵی جێگەی متمانە بەستووە. ئه‌و ده‌ڵێ زۆربه‌ی ئه‌و ڕووداوانه لە دوڕگەی “لێسبۆس”ی یۆنان ڕوویان داوە که له سه‌ر ڕێی چوونی کۆچبه‌ران له تورکیه‌وه بۆ وڵاتانی ئورووپا هه‌ڵکه‌وتوه‌و کۆچبه‌ران بۆ گه‌یشتن به ئورووپا به ناچار ده‌بێ ڕووی تێبکه‌ن.
کۆمیساریای به‌رزی پەنابەرانی نەتەوە یەکگرتووەکان هەروەها داوای لەو وڵاتانە کە پەنابەرانی پێدا تێدەپەڕێ کردووە کە کاردانه‌وه‌یان له به‌رامبه‌ر ئه‌و دەستدرێژییانە هه‌بێ.
مێلیسا فلێمینگ گوتی که ژنان‌و منداڵان یەک لە سێی تەواوی ئەو کۆچبه‌رانه پێک دێنن که لە سێ مانگی ڕابردوودا ڕێی ئورووپایان گرتۆته به‌رو، زۆربه‌شیان خەڵکی وڵاتانی سووریه، عێراق و ئەفغانستانن.
ڕاگه‌یاندنی ئه‌و ڕاپۆرته‌ی کۆمیساریای بەرزی پەنابەرانی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان له حاڵێک دایه که وڵاتی ئۆسڵۆڤۆنی رایگه‌یاندوه که ئه‌گه‌ر یه‌کیه‌تیی ئورووپا له کۆبوونه‌وه‌ی ڕۆژی یه‌کشه‌ممه‌ی خۆیدا له به‌رامبه‌ر شاڵاوی په‌نابه‌راندا یارمه‌تیی ئه‌و وڵاته نه‌کا، ئه‌وان سنووره‌کانی خۆیان به ته‌واوی داده‌خه‌ن.
به‌پێی ڕاپۆرتی هه‌واڵده‌ریی فه‌ڕانسه ته‌نیا له ماوه‌ی ٥ ڕۆژی ڕابردوودا ٤٨ هه‌زار کۆچبه‌ر ڕوویان له دووڕگه‌کانی یۆنان کردوه.