ئه‌نوه‌ر حوسێن په‌ناهی، چالاكی مه‌ده‌نیی كورد به مه‌به‌ستی لێكۆڵینه‌وه له لایه‌ن ستادی خه‌به‌ریی وه‌زاره‌تی ئیتلاعات له تاران بانگ كرا.
به‌پێی ڕاپۆرتی كه‌مپه‌ینی به‌رگریی له زیندانیانی سیاسی و مه‌ده‌نی، ئه‌نوه‌ر حوسێن په‌ناهی ،چالاكی مه‌ده‌نیی كورد كه بۆ شاری تاران دوور خراوه‌ته‌وه له لایه‌ن ستادی خه‌به‌ریی وه‌زاره‌تی ئیتلاعات له تاران بانگ كرا.
به‌پێی هه‌مان سه‌رچاوه ئه‌نوه‌ر حوسێن په‌ناهی ماوه‌ی ٤ كاتژمێر له لایه‌ن ئه‌م ئیداره‌یه‌وه لێكۆڵینه‌وه‌ی لێ كراوه.
ئه‌م سه‌رچاوه‌یه هه‌روه‌ها وتی: له لایه‌ن ستاده‌وه له بابه‌ت چالاكییه‌كانی حوسێن په‌ناهی پرسیار كراوه و پێیان ڕاگه‌یاندووه كه نابێ به ئیزنی ئه‌وان له تاران بچێته ده‌ره‌وه.
ئه‌نوه‌ر حوسێن په‌ناهی یه‌كێك له چالاكانی سیاسی و مه‌ده‌نی كورده كه یه‌كه‌مین جار له ڕێكه‌وتی ١٥ی خه‌زه‌ڵوه‌ری ساڵی ١٣٨٦ له لایه‌ن هێزه ئه‌منیه‌تییه‌كانه‌وه ده‌ستبه‌سه‌ر كرا و بۆ ماوه‌ی 6 مانگ له ئیداره‌ی ئیتلاعاتی شاری قوروه به‌ند كرا.
ناوبراو له كۆتاییه‌كانی وه‌رزی به‌هاری ساڵی ٨٧ له لایه‌ن لقی 2ی دادگای ئینقلاب به سه‌رۆكایه‌تیی قازی حه‌سه‌ن بابایی به تۆمه‌تی شه‌ڕ له‌گه‌ڵ خودا و هه‌وڵدان به‌دژی ئه‌منیه‌تی میللی حوكمی ئێعدامی به‌سه‌ردا سه‌پێندرا.
پاش ناڕه‌زایه‌تیی ده‌ربڕینی ڕێكخراوه‌كانی پارێزه‌ری مافه‌كانی مرۆڤ ، حوكمی ئێعدامی ئه‌م گیراوه سیاسییه كورده له ڕێكه‌وتی ٢٥ی خاكه‌لێوه‌ی ٨٨ له لقی ٤ی دادگای پێداچوونه‌وه‌ی سنه هه‌ڵوه‌شێندرایه‌وه. ئه‌نوه‌ر حوسێن په‌ناهی ئێستا له دوورخراوهییدا ماوه‌ی حوكمی خۆی تێپه‌ڕ ده‌كا.