وه‌زیرانی ده‌ره‌وه‌ی وڵاتانی ئا‌مریكا، ڕووسیه، توركیه و عه‌ره‌بستان، ڕۆژی هه‌ینی ڕێكه‌وتی ١ی خه‌زه‌ڵوه‌ر له ڤیه‌ن پێته‌ختی ئۆتریش، له‌گه‌ڵ یه‌كتر كۆبوونه‌وه و سه‌باره‌ت به بارودۆخی سووریه ئاڵوگۆڕی بیروڕایان كرد.
جان كێری وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئا‌مریكا، سێرگی لاورۆف وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ڕووسیه، فه‌ره‌یدوون سنیرئۆغڵوو وه‌زیری ده‌روه‌ی توركیه و عادڵ ئه‌لجوبه‌یر وه‌زیری ده‌روه‌ی عه‌ره‌بستان، له‌م كۆبوونه‌وه‌یه‌دا كه له هۆتێلێك له شاری ڤیه‌ن به‌ڕێوه‌چوو، چاویان به یه‌كتر كه‌وت.
هه‌واڵده‌ریی فه‌رانسه له زمان وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ڕووسیه ڕایگه‌یاندووه كه ئه‌م ٤ وڵاته له باره‌ی “چڕ بوونه‌وه‌ی هه‌وڵه‌كان بۆ دۆزینه‌وه‌ی ڕێگه‌چاره‌ی سیاسی” به مه‌به‌ستی چاره‌سه‌ری قه‌یرانی سووریه، هه‌ڵوێستێكی هاوبه‌شیان هه‌یه.
ده‌وڵه‌تی موسكۆ ده‌ڵێ ئامانج له‌م هه‌وڵه له نێوبردنی هه‌موو گرووپه تێرۆیستییهكانی سووریه به تایبه‌ت گرووپی داعشه، به‌ڵام ئا‌مریكا، وڵاتانی ڕۆژاوایی و سه‌رچاوه سه‌ربه‌خۆ نێوده‌وڵه‌تییه‌كان ده‌ڵێن زۆربه‌ی هه‌ره زۆری هێرشه‌كانی ڕووسیه، بۆسه‌ر ئه‌م گرووپه میانه‌ڕه‌وانه‌یه كه له لایه‌ن ڕۆژاوا پشتیوانی‌یان لێ ده‌كرێ.
كۆبوونه‌وه‌ی وه‌زیرانی ئه‌م ٤ وڵاته سه‌باره‌ت به بارودۆخی سووریه له ڕۆژێكدا به‌ڕێوه‌چوو كه وێلادیمێر پووتین، سه‌ركۆماری ڕووسیه، ئامریكای به پشتیوانی كردن له تێرۆریسم تاوانبار كرد.
ڕووسیه و ئێران وه‌ك پشتیوانه سه‌ره‌كییه‌كانی به‌شار ئه‌سه‌د ئه‌ژمار ده‌كرێن، به‌ڵام توركیه، عه‌ره‌بستان و ئا‌مریكا جگه له داعش و گرووپه توندئاژۆ ئیسلامگه‌راكانی دیكه، پشتیوانی له دژبه‌رانی ده‌وڵه‌تی سووریه ده‌كه‌ن.
هه‌ر له هه‌مان ڕۆژدا ڕاگه‌یه‌ندرا كه ڕووسیه و ئۆردۆن، چالاكییه نیزامییه‌كانی خۆیان له سووریه له‌گه‌ڵ یه‌كتر ڕێك ده‌خه‌ن.
وڵاتی ئۆردۆنیش وه‌ك دراوسێی سووریه، له دژبه‌رانی ده‌وڵه‌تی به‌شار ئه‌سه‌ده و ئه‌ندامی به‌ره‌ی نێوده‌وڵه‌تیشه كه به ڕێبه‌رایه‌تی ئا‌مریكا به‌دژی گرووپه توندڕه‌وه‌كانی سووریه ده‌وستێته‌وه.