کۆماری ئیسلامی ئێران لە ماوەی نزیک بە چوار دەیەی رابردوودا ههر ساڵهو یەک هەڵبژاردنی بەڕێوبردووە، وەک هەڵبژاردنەکانی سەرکۆماری، پارلەمان، ئەنجومەنی شارەکان، خوبڕەگان و…
بە درێژایی ئەمساڵانەدا رێژیم سەرجەم ئەم هەڵبژاردنانەی وەک هێمایەک لە دێموکراسی لە ناوخۆی وڵات و مەشرووعییەتی ژوورەکی و دەرەکی بە چاوی خەڵکی ئێران و دەرەوەی وڵاتیشی داداوەتەوە! بەڵام سەرەڕای هەولەکانی کۆماری ئیسلامی بۆ ئەم مەبەستە، چاوەدێرانی سیاسی بەردەوام بە چاوی گومان و دڕدۆنگییەوە سەیری زۆربەی هەرە زۆری ئەم هەڵبژاردنانەیان کردووە، چون لە ڕاستیدا هەرچەند له هێندیک لهم ههڵبژاردنانهدا رێژەی بەشداریی خەڵک بەرچاو بووە، بەڵام جگە لە تەزویر و سڕینەوەی ئەو جیابیرانەی خۆیان بەربژێری هەڵبژاردنەکان کردووە، لە جەوهەری بەشدارییەکەدا دایمە گرفتێکی سەرەکی هەبووە کە بۆتە هۆی ئەوەی هیچکام لە هەڵبژاردنەکان نەتوانن گۆڕانێکی سیاسی ئەوتۆ لە ئێران سازدەن کە ئەمیش بریتییە لە چەمکێک بە ناوی: “بەشداری سیاسی پێکهاتەیی”.
سەبارەت بەم چەمکە هانا ئارێنت پێی وایە بەشداری سیاسی ئەرێنی واتە پرۆسەی دەنگدان لە هەڵبژاردنەکاندا دەبێ بە شێوەیەکی پێکهاتەیی لە قالبی حیزب و لایەنی سیاسیدا بێ تا بەر بە دیکتاتۆرییەت بگرێ، بە واتایەکی تر بەشداری سیاسی ناپێکهاتەیی، تەنیا مەبەستی بەشداری پێکردنی گۆترەیی خەڵکە بۆ شەرعییەتدان بە دەسەڵاتی خۆی و مەبەستی سەرەکی بەرلەوەی چاکسازیی ناوخۆیی بێ، سەلماندنی مەشرووعییەتی خۆیەتی بۆ دەرەوەی سنوورەکانی وڵات، ئەمە ڕێک ئەو شتەیە کە لە سیستمە تۆتالیتێرەکاندا بەدیدەکرێ. ئارێنت دەیەوێ بڵێ کە سیستمی تۆتالیتێر لە هەمان کاتدا کە بە توندی بەر بە بەشداری سیاسی پێکهاتەیی دەگرێ دەیەوێ ئاستی بەشداری سیاسی ناپێکهاتەیی بەرێتە سەر، تەنانەت ئەگەر بە میکانیزمگەلێکی پڕوپاگەندەیی و فرتوفێڵئامێزیشەوە بێ و دواجار بە زەبری زۆری و تۆقاندن!
بۆیە مادام پڕۆسەی هەڵبژاردن لە ئێران لەسەر بنەمای بەشداری سیاسی بە شێوەی پێکهاتەیی نەبێ و بۆ وێنە کۆمەڵانی خەڵک لە کوردستان نەیەنە قالبی پێکهاتە و حیزبەوە و رەخنەکانیان ئاراستەی دەسەڵاتی سیاسی و حوکمڕانی نەکەن، هیچ لە دۆخەکە ناگۆڕدرێ. ئەوەی کە تا ئێستا لە کوردستان سەبارەت بە بەشداری لە هەڵبژاردنەکاندا بەدیکراوە – سەرەڕای نەبوونی بەشداری سیاسی بە شێوەی پێکهاتەیی – ئەمە بووە کە بە شێوەیەکی ڕێژەیی دەنگی خەڵکی کوردستان بەردەوام پەیامێکی سیاسی بۆ ناوەند پێبووە، بە تەعبیرێکی تر دەنگی خەڵکی کوردستان لەسەر بنەمای شعوورێکی سیاسی و خوێندنەوەیەکی دروست دراوە و تەنانەت بایکۆت کردنەکەشی هەڵگرێ ئەم پەیامە بووە. شرۆڤەی ناوەرۆکی ئەم پەیامە، ناهەوتەریب بوونی خەڵکی کوردستان بووە لەگەڵ دەسەڵات، واتە کورد هەمیشە دەنگی داوە بەم بەربژێر یان بەربژێرانە کە رەخنەگری حکوومەت بوون یان لانیکەم لێی دوور بوون.
بۆ پێکانی ئەم مەبەستە واتە بەشداری سیاسی بە شێوەی پێکهاتەیی کۆمەڵگای کوردەواری پێویستی بە سەرلەنوێ خۆسازدانەوەی رێکخراوەیی لەناوخۆ هەیە. خۆ رەنگە دیاریکردنی تاقم و لایەنە سیاسییەکانی کۆمەڵگای رۆژهەڵات بە شێوەیەکی بەرهەست دژوار بێ، بەڵام لانیکەم وەک جووڵەیەکی مەدەنی – بە هەموو خۆپارێزییەکانیەوە – بەدیدەکرێن: لە بەرەی یەکگرتووی کورد و ریفۆرمخوازە کوردەکانڕا بگرە تا جەماعەتی دەعوەت و ئیسلاح و مەکتەبی قورئان و NGOکان و تەنانەت هەندێ رەوتی فکری بەرچاوی سەربەخۆ کە زیاتر لە پانتای هەندێ لە شارەکاندا بەدیدەکرێن. ئەمە خۆی لە خۆیدا پتانسییەلێکی باشە کە لە نەبوونی ئۆپۆزیسیۆنی کوردی له گۆڕهپانهکهدا بۆ هۆی نایاسایی بوونیانهوه، خەڵک خۆی تێداببینێتەوە.
دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی بە هەموو توانای خۆیەوە لە ڕێی دەزگا ئەمنی و چاوەدێرییەکانییەوە بە فیلتێرکردن و رەدی سەڵاحییەتی بەرفرەوان لە هەڵبژاردنەکان تا ئەو جێگایەی شیری بڕیویهتی ئیزنی نەداوە جیابیران خۆیان بەربژێری هەڵبژاردنەکان بکەن و هەولی داوە وەک دەسەڵاتێکی تۆتالیتێر ئەم یوونیفۆرمیزاسیۆنە بپارێزێ. لە پاش ئەم پڕۆسەی قڵتوبڕە ئەوە دێتە گۆڕێ کە کۆماری ئیسلامی تا چ ڕادەیەک ئیزن دەدا بەشداری سیاسی خەڵك بەرگێکی پێکهاتەیی بە خۆیەوە بپۆشێ؟ پرسیارێک کە لە ماوەی دەسەڵاتداری ئەم ڕێژیمەدا هیچ وڵامێکی بۆ نەدۆزراوەتەوە. بۆیە دەبێ چاوەڕوان بین بزانین ئەمجارە هەولی چالاکڤانانی سیاسی ومەدەنی ناوخۆ بۆ بە پێکهاتەیی کردنی بەشداری سیاسی خەڵک بە پێی پتانسییەلە جۆربەجۆرەکانی مێدیایی بەتایبەتی سۆشیال میدیا تا چەند دەتوانێ ئەم خەونە بێنێتەدی؟ هەرچەند بە پێی ئەزموون و دەرئەنجامی هەڵبژاردنەکانی ڕابردوو، ئاسۆی ئەمجارەش زۆر لێڵ و هیوابڕە.