بەداخەوە کاک “ئەحمەد حەبیبی”، کەسایەتیی سیاسی و ئەندامی حیزبی دێموکراتی کوردستان، ڕۆژی پێنجشەممە، ڕێکەوتی ٥ی پووشپەڕی ١٣٩٩ی هەتاوی، لە شاری سنە، بە هۆی تووشبوون بە ڤایرۆسی کۆرۆنا گیانی لەدەست دا.
کاک ئەحمەد وێڕای ئەوەی کە ئەندامێکی دڵسۆزی حیزبی دێموکراتی کوردستان بوو، یەکێک لەو کەسایەتی و تێکۆشەرە دەروەست و ئەرکوەخۆگرانە بوو کە بەشداریی بەرچاو و ڕۆڵی کاریگەری لە چالاکییە سیاسی و مەدەنییەکانی نێوخۆی وڵاتدا هەبوو. یەکگرتوویی و وەسەریەکخستنی هێز و پتانسێلە سیاسی و مەدەنییەکانی دەرەوە و نێوخۆی وڵات بە مەبەستی قورسایی بەخشین بە بزووتنەوەی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان، بنەمای فکر و ڕێڕەوی تێکۆشانی کاک ئەحمەد حەبیبی بوو.
کاک ئەحمەد بە هێنانەبەرباسی تێبینی و پێشنیارە دروست و بەجێکانی خۆی لە گەڵ هاوڕێیانی کۆمیسیۆنی تەشکیلاتی حیزبی دێموکراتی کوردستان بە مەبەستی چۆنیەتی کارکردن لە فەزا و بارودۆخی جۆراوجۆر و جیاوازدا، هەمیشە ڕۆڵی ڕاوێژکارێکی دڵسۆز و خەمخۆری بۆ حیزبەکەی دەگێڕا.
جیا لە ئەندامبوون و تێکۆشانی لە ڕیزەکانی حیزبی دێموکرات لە نێوخۆی وڵاتدا، لە کارنامەی سیاسیی “ئەحمەدی حەبیبی”دا دەکرێ ئاماژە بە هەوڵەکانی ناوبراو بۆ دامەزرانی بەرەی یەکگرتووی کورد بکرێ کە کاک ئەحمەد، وێڕای ڕەوانشاد موهەندیس بەهائەدینی ئەدەب و هاوبیرانیان لە یەکەم دامەزرێنەرانی بوون.
ڕەوانشاد کاک ئەحمەد حەبیبی ساڵی ١٣٣٩ لە شاری مەریوان لەدایک بوو. دوای هاتنەسەر کاری ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی بە هۆی تێکۆشانی سیاسی، ئیزنی پێ نەدرا لە تاقیکارییەکانی زانکۆدا بەشداری بکات و بۆ ماوەیەک زیندانی کرا. پاشان لە ڕشتەی ڕیازیدا دیپلۆمی وەرگرت و لە زانکۆی کرماشان درێژەی بە خوێندن دا و دواتر لە ڕشتەی یاسادا بڕوانامەی باڵای وەرگرت. پێوەندیی کاک ئەحمەد حەبیبی لە گەڵ حیزبی دێموکراتی کوردستان دەگەڕێتەوە بۆ هاوڕێیەتی ناوبراو لە گەڵ شەهید “مەنسوور ڕەشەهەورامی”، دوای پەیوەستبوونی شەهید مەنسوور بە حیزبی دێموکرات، کاک ئەحمەد و کۆمەڵێک هاوڕێی دیکەی لە ڕێگای شەهید مەنسوور و شەهید “حەکیم ڕەزاییەوە” پێوەندی بە ڕیزەکانی نهێنیی حیزبەوە دەگرن. دوای شەهیدبوونی شەهیدان؛ کاک حەکیم ڕەزایی و کاک مەنسوور، لە قۆناغەکانی دواتردا، کاک ئەحمەد لە ڕێگای هاوڕێیانی دیکەی خۆیەوە لە نێوخۆی وڵات، درێژە بە پێوەندییەکانی خۆی لە گەڵ حیزبی دێموکراتی کوردستان دەدات و لە ڕیزی تێکۆشەرانی نێوخۆی وڵاتدا و بۆ کاروباری تایبەت سازمان دەدرێت. کاک ئەحمەد حەبیبی، تا دوایین ساتەکانی ژیانی وەک تێکۆشەرێکی ڕاستەقینە، وەفادار بە ڕێگا و ڕێبازی حیزبی دێموکرات مایەوە.
کۆمیسیۆنی تەشکیلاتی حیزبی دێموکراتی کوردستان وێڕای بەداخبوونی بۆ کۆچی دوایی کاک ئەحمەدی حەبیبی، سەرەخۆشی لە بنەماڵە و کەسوکاری، لە کۆمەڵگەی سیاسی و مەدەنیی کوردستان و بە گشتی لە خەڵکی سنە و ڕۆژهەڵاتی کوردستان و هاوسەنگەرانی لە حیزبی دێموکراتی کوردستاندا دەکات.
ڕۆحی شاد و بەهیوای وەدیهاتنی ئاوات و ئامانجە پیرۆزەکانی.
حیزبی دێموکراتی کوردستان
کۆمیسیۆنی تەشکیلات
٦ی پووشپەڕی ١٣٩٩