جێگری بەرپرسی کۆمەڵایەتیی دامەزراوەی توێژینەوەیی “کادراس” لە تاران، دەڵێ نزیک بە “سێ میلیۆن” بەکارهێنەری بەردەوامی مادە سڕکەرەکان لە ئێراندا هەیە و، لەم نێوەدا لە سەتا ١٠یان لە ژنان پێک دێن.
هەواڵدەریی “ئیسنا” لە زمانی “فەرزانە سوهرابی”ـیەوە دەڵێ لەم ژمارەیە ٥٠٪یان تریاک و شیرە، ١٢٪یان ماریجوانا و لە سەتا ٩ شیان شیشە بە کار دێنن.
بە پێی ئەم ئامارە کە لە بەرەبەری ڕۆژی جیهانیی بەربەرەکانی لەدژی مادە سڕەکەرەکان بڵاو بووەتەوە، چوونەسەری ساڵانەی ڕێژەی تووشبووان بە مادە هۆشبەرەکان لە ئێراندا نزیک بە ٨٪ بەراورد دەکرێ و پێشبینییش دەکرێ هۆگریی ژنان لە ساڵانی داهاتوودا لەم ڕێژەی ئێستا زیاتر بێ.
کاربەدەستانی کۆماری ئیسلامی هەتا ئێستا ئامارێکی دروستیان لە ڕێژەی ئەم تووشبووانە بڵاو نەکردووەتەوە، بەڵام بە پێی لێدوانەکانی خۆیان ڕیژەی دۆزینەوە و کەشف کردنی مادە سڕکەرەکان لە وڵاتدا زۆرتر بووە.
شایانی باسە، کارناسانی خەسارە کۆمەڵایەتییەکان باس لە دۆخی نالەباری ئابووری، بێکاری، بێهیوایی و دڵەڕاوکێ وەک سەرەکیترین هۆکارەکانی هۆگریی خەڵک بە بە کارهێنانی مادە هۆشبەرەکان دەکەن.
جێی ئاماژەیە، دامەزراوەی “کارداس”، ڕێکخراوێکی توێژینەوەیی و لێکۆڵینەوەییە لە تاران، کە چالاکییەکانی لە بواری تووشبوون و دیاریکردنی جۆەرەکانی مادە سڕکەرەکانە.