بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە چەکدارەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران سێ کۆڵبەری کورد کوژران و بریندار بوون.
ڕۆژی پێنجشەممە، ٥ی پووشپەڕی ١٣٩٩ی هەتاوی هێزەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە نزیک ئاوایی “سگریک”، سەر بە ناوچەی چاڵدێران” تەقەیان لە دەستەیەک کۆڵبەر کردوە و لە ئاکامدا کۆڵبەرێک بە ناوی “قاسم سەربازی” کە باوکی دوو منداڵە گیانی لەدەست داوە و هاوکات دوو کۆڵبەری تریش بە سەختی بریندار بوون و بۆ چارەسەری پزیشکی ڕەوانەی نەخۆشخانەی چاڵدێران کراون.
جێی ئاماژەیە، بەپێی ئەو داتا و زانیارییانەی ناوەندی مافی مرۆڤ بۆ ڕۆژهەڵاتی کوردستان بڵاوی کردۆتەوە، تەنیا لە ماوەی سێ مانگی بەهار و سەرەتای ئەمساڵدا ٥٨ کۆڵبەر و کاسبکاری ناوچە سنوورییەکانی کوردستان بوونەتە قوربانیی سیاسەتی پەرەنەسەندنی کوردستان لە ڕووی ئابووری و، ڕەفتاری دوژمنکارانەی کۆماری ئیسلامیی ئێران دەرحەق بە گەلی کورد. لەو ٥٨ کۆڵبەرە ٢٤ کەسیان کوژراون و ٣٤ کۆڵبەریش بریندار بوون. هەروەها دوو کۆڵبەریش بە هۆی تەقینەوەی مین لاقیان پەڕیوە.
شایانی باسە، کۆڵبەری لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان بووەتە سەرچاوەی پەیدا کردنی بژیوی ژیان بۆ بەشێک لە خەڵک و ناچارن هەموو سەختییەکانی ڕێگەی کۆڵبەری بۆ بەردەوام بوون لە ژیانیان قەبووڵ بکەن و لەم ڕێگەیەشدا ژمارەیەکی زۆریان گیان لەدەست دەدەن و بریندار دەبن.