ڕۆژی سێشەممە، ٣ی پووشپەڕی ۱۳۹۹ی هەتاوی، “محەممەد چووپانی”، ناسراو بە “محەممەد حەیران”، خەڵکی ئاوایی “ئاڵتوونی خوارێ” سەر بە شاری سەقز لە تەمەنی ٧٤ ساڵیدا بەهۆی نەخۆشییەوە ماڵاوایی لە ژیان کرد.
هونەرمەند هەر لە منداڵیەوە خولیای گۆرانی و مەقامی کوردی بووە و دێهاتە و دێهات گەڕاوە و لە کەسانی تری شارەزا فێری مەقام و حەیرانی کوردی بووە، لەگەڵ هونەرمەندانی وەک ڕەسووڵ نادری، عەلی گلێلانی و عەبە دەڕژێ چەندین بەرهەمی هەیە و ماڵەکەیان هەموو کات شوێنێ هونەرمەندان بووە و لە چەندین فیستواڵدا بەشداری کردوە.
ناوبراو یەکێک لە حەیرانبێژ و گۆرانیبێژەکانی سەقز و دەورووبەری بوو، کە لە ڕێگای هونەرەکەیەوە خزمەتێکی دیار و بەرچاوی بە هونەری کوردی کرد و بوو بە کەسێکی خۆشەویستی ناوچەی سەقز.
جێی ئاماژەیە، ناوبراو خاوەنی چەندین بەرهەم لە حەیران و گۆرانی تۆمار کراوە کە وەک میراتێکی هونەری و فۆلکلۆری بۆ نەوەکانی دوای خۆی جێی هێشتوون.