ڕۆژی چوارشەممە ٤ی پووشپەڕی ٩٩ی هەتاوی، فەرماندەی هێزی وشکانی سپای پاسداران، لە کاتی مانۆڕێکی سەربازیی کە لە سنوورەکانی باشوور و ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە ناوچەی سنووریی “شلێر” تا بەرزاییەکانی چلچەمە، بەڕێوەیان برد، بە توندی هەڕەشە لە حیزبە کوردییەکانی دژبەری ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی کرد.
ماڵپەری “ئەلعەرەبییە”، لە ڕاپۆرتێکدا نووسی: محەممەد پاکپوور، فەرماندەی هێزی وشکانی سپای پاسدارانی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێڕان، هەڕەشەی لە حیزبی دێموکراتی کوردستان کرد و گوتی کە وەک ساڵی ٩٧ی هەتاوی بنکە و بارەگاکانی ئەو حیزبە دەکەینە ئامانج”.
ئەو قسانەی ناوبراو لە کاتێکدایە کە ١٧ی خەرمانانی ساڵی ٩٧ی هەتاوی، کۆماری ئیسلامی سەروەری وڵاتی عێراقی پێشێل کرد و بە مووشەک پلینۆمی کۆمیتەی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی لە قەڵای دێموکرات کردە ئامانج کە لەو مووشەکبارانە ١٦ کەس لە کادر و پێشمەرگە و ئەندامانی ڕێبەری گیانیان لە دەست دا و زیاتر لە چل کەسیش بە سەختی بریندار بوون.
لە ماوەی دەیان ساڵ خەبات و بەربەرەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستان و هێزەکانی دیکەی دژبەری ڕێژیم، دەیان جار لە ڕێگەی بۆمباران و تۆپباران و کردەوەی تێرۆریستی بنکە و بارەگاکانی ئەم حیزبە کراونەتە ئامانج وسەدان تێکۆشەری دێموکرات شەهید و بریندار بوون، بەڵام حیزبی دێموکراتی کوردستان لەم هەڕەشانە نەپرینگاوەتەوە، ڕێبەرانی بەدەستی تێرۆریستەکانی ئەو ڕێژیمە تێرۆر کراون، بەڵام ڕێبەرایەتی ئەم حیزبە هەموو جارێ خۆی ڕێکخستۆتەوە و ئازایانە مەیدانداریی کردوە و بۆ ستاندنی هەق لەهیچ فیداکارییەک درێغی نەکردوە.












