بە پێی هەواڵی هەواڵدەرییەکان، کرێکارانی ناڕازی “ئازەر ئاب”ی ئەراک بە سزای زیندانی کردن، قامچی و کاری بێ مووچە مەحکووم کران.
٤۲ کرێکاری کۆمپانیای ئازەر ئاب بە هۆی بەشداریکردن لە کۆبوونەوەیەکی ناڕەزیەتیی دەربڕیندا بە سزای بەند کردن و لێدانی قامچی و یەک مانگ کار کردنی بێ مووچە حوکم دران.
لقی ۱۰٦ی دادگای ئینقلامی گشتیی ئەراک، سزای ئەو کرێکارانەی یەک ساڵ زیندانی، ۷٤ زەڕبە قامچی و یەک مانگ کارکردنی بێ مووچە لە کار کردن لە ڕێگایەکی ئاسندا دیاریکردوە.
ئەو کرێکارانە، بە ناڕەزایەتیی دەربڕین لە پێشێلکردنی مافەکانیان و پێنەدانی مووچەی چوار مانگ کار کردنیان، ڕێگەی قەتارییان بەستبوو. هێزە ئەمنییەکان بە کاردانەوە بەو ناڕەزایەتیی دەربڕینە، بە باتۆم و گازی فرمێسکڕێژ بەرەوڕووی کرێکارەکان بوونەوە و ۲۱ کەس لەو کرێکارانەیان دەسگیر کردوە و ۲۱ کەسی تریشیان بانگهێشت کراون و لێپرسینەویان لێ کراوە.
شایانی باسە، کرێکاران لەو چینەی کۆمەڵگەی ئێرانن کە بەردەوام دەچەوسێنرێنەوە و مافەکانیان پێشێل دەکرێ، ژیانی کرێکاران لە دۆخێکی خراپ دایە بەهۆی دەرکرن لە کارەکانیان و پێنەدانی مووچە و نەبوونی ئەمنیەتیی کاری کرێکاران، لە لایەکی تریش کاربەدەستان کەمتەرخەمن لە چارەسەرکردنی کێشەکانیان و لە جێی ئەوەی گوێ لە ناڕەزایەتییەکانیان بگرن دەسبەسەریان دەکەن و هەڕەشەی دەرکردن لە کارەکانیان لێ دەکەن.