دەزگای دادی کۆماری ئیسلامیی ئێران، سزای لەسێدارەدانی بۆ ٣ کەس لە خۆپێشاندەرانی مانگی خەزەڵوەری ساڵی ٩٨ی هەتاوی پشتڕاست کردەوە.
بە پێی هەواڵی هەواڵدەریی “هێرانا”، ڕۆژی چوارشەممە ٤ی پووشپەڕی ٩٩ی هەتاوی، دەزگای دادی کۆماری ئیسلامیی ئێران سزای لە سێدارەدانی ٣ کەس لە خۆپێشاندەرانی مانگی خەزەڵوەری ٩٨ی هەتاوی بە ناوەکانی “ئەمیر حوسێن مورادی”، “سەعید تەمجیدی” و “محەممەد ڕەجەبی”، خەڵکی تاران بە تۆمەتی بەشداری لە خۆپێشاندان دژی ڕێژیم و دژایەتی لە گەڵ خودا پشتڕاست کردەوە.
شایانی باسە کە لە خۆپێشاندانەکانی ساڵی ڕابردوودا نزیک بە ١٥٠٠ کەس لە خەڵکی ئێران بە دەستی هێزە سەرکوتکەرەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران کوژران و دەیان هەزار کەس بریندار و ڕەوانەی زیندانەکانی ئەو ڕێژیمە کران کە تا ئێستاش لە چارەنووسی بەشێکیان هیچ هەواڵێک لەبەردەست دا نییە.
جێگای ئاماژەیە ئەو ٣ لاوە کە تەمەنیان لە ٢٥ تا ٢٧ ساڵانە ماوەیەک دوای خۆپێشاندانەکان خۆیان گەیاندبووە تورکیە، بەڵام لە لایەن پۆلیسی ئەو وڵاتەوە ڕادەستی جینایەتکارانی کۆماری ئیسلامیی ئێران کرانەوە و دواتر حوکمی ئێعدامیان بەسەردا سەپا.