خۆپێشاندانەکان بە دژی گەندەڵی و گرانی و هەروەها دەستێوەردانەکانی کۆماری ئیسلامی لە لوبنان لە چەند شاری ئەو وڵاتە بەردەوام پەرەدەستێنن.
بە پێی هەواڵی هەواڵدەرییەکان، ئێوارەی چوارشەممە ٤ی پووشپەڕی ٩٩ی هەتاوی، لە شارەکانی ترابلۆس، بەقاع، سوور و بەیرووت و چەند شاری دیکە خۆپێشاندەران بە کردنەوەی ئاگر و دروشمی دژی حیزبوڵای لوبنان و دەوڵەتی ئەو وڵاتە بەشێکی زۆر لە شەقامە سەرەکییەکانی شارەکانیان داخست و بە دژی گرانی و گەندەڵی و بارودۆخی ئابووری و بێکاری لەو وڵاتە و دەستێوەردانەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران دروشمیان بەرز کردەوە.
شایانی باسە کە لە چەند شوێن لەو شارانە لە نێوان پۆلیس وخۆپێشاندەران تێکهەڵچوون و توندوتیژی ڕووی داوە.
جێگای ئاماژەیە کە کۆماری ئیسلامی ئێران بە دەستێوەردانەکانی لە وڵاتانی دیکەدا وەکوو عێراق، لوبنان، سووریە، یەمەن، فەلستین و بەحرەین سەرچاوەی ئاژاوە و شەڕ و گەندەڵی و داڕمانی ئابووریە لەو وڵاتانەشدا، هەربۆیە خەڵکی ئەو وڵاتانە و بە تایبەت عێراق و لوبنان و سووریە لە هەوڵی کورتکردنەوەی دەستی ئەو ڕێژیمەن لە وڵاتەکانیاندا.












