دوو ناوەندی مافی مرۆڤ، “ڕێکخراوی عەداڵەت بۆ ئێران و فیدڕاسیۆنی نێونەتەوەیی مافی مرۆڤ”، ڕاگەیەندراوێکیان لەسەر بڵاوکردنەوەی دانپێدانانی زۆرەملیی ٣٥٥ کەس لە تەلەڤزیۆنی دەنگ و ڕەنگی کۆماری ئیسلامی بڵاو کردەوە.
ئەو دوو ناوەندەی مافی مرۆڤ ڕایانگەیاندووە کە مێدیای دەنگ و ڕەنگی کۆماری ئیسلامی لە ماوەی ١٠ ساڵدا دانپێدانانی زۆرەملی ٣٥٥ کەسیان بڵاو کردۆتەوە و تۆمەتی بێبنەمایان خستۆتە پاڵ ٥٠٥ کەس کە ئەم کارەیان وەک چەکی سەرکوتی کۆمەڵگەی ئێران بەکارهێناوە.
ئەم دوو ناوەند لە ڕاگەیەندراوەکەیاندا باسیان لەوە کردوە کە ڕاپۆرتێکی ٥٧ لاپەڕەییان لە ئاکامی لێکۆڵینەوەیەکی ١٥٠٠ کاتژمێری و لێکدانەوە و هەڵسەنگاندنی ١٥٠ بەرنامە و ١٣ وتووێژە لەگەڵ ئەو کەسانەی کە دانپێدانانی زۆرەملێیان لە تەلەڤزیۆنی دەنگ و ڕەنگی کۆماری ئیسلامیی ئێران بڵاو کراوەتەوە.
ئەو دوو ڕێکخراوە وێڕای ئاماژە بە کەڵک وەرگرتنی کۆماری ئیسلامی لە دانپێدانانی زۆرەملی بۆ سەرکوتی دژبەرانی ئەو ڕێژیمە، داوایان لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی کردوە کە پێش بەو کردەوەی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران بگرن.
ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران بۆ ترساندن و سەرکوتی ئازادیخوازان و دژبەرانی ئەم نیزامە گەندەڵ و کۆنەپەرەستە و لە هەمووی گرینگتر بۆ سەپاندنی حوکمی لەسێدارەدانی جیابیران و زیندانیان لە هیچ ڕەفتار و کردەوەیەکی دژە ئینسانی خۆی ناپارێزی و لەم ڕێگەیەوە هەزاران کەسی بێتاوانی لەسێدارە داوە یا خزاندوونیە کونجی بەندیخانەکانەوە و بەم کردەوەیان دەیانهەوێ دەنگی ئازادی و ئازادیخوازی کپ بکەن و نەهێڵن دەنگی جیابیران بەگوێی خەڵک بگا و، ئازادیخوازان قسەکانیان لەژێر هەڕەشەی جەللادەکان بە پێچەوانەی بیروباوەڕ و ویستی خۆیان لە مێدیاکانی ڕێژیم بڵاو بکرێتەوە.