بەهۆی مەرگی چوار کەس لە ڕۆژێکدا و تەشەنەسەندنی ڤایرۆسی کۆڕۆنا، قەدەغەی هاتووچۆ لە شاری سەقز ڕاگەیەندرا.
ماوەیەک ڤایرۆسی کۆڕۆنا بە تەوای ڕۆژهەڵاتی کوردستانی داگرتوە و ڕۆژانە خەڵکێکی زۆر سەردانی نەخۆشخانەکان دەکەن و بەشێکیان دەخەوێندرێن و بەشێکیشیان گیان لەدەست دەدەن.
لە ماوەی چەند ڕۆژی ڕابردوودا ئەم ڤایرۆسە بەشێوەیەکی بەربڵاو تەشەنەی سەندوە و ترس و نیگەرانییەکی زۆری خستۆتە دڵی خەڵکەوە. شاری سەقز یەکێک لەو شارانەیە کە مەترسی زۆری لەسەرە و تەنیا لە ڕۆژێکدا ٤ کەس گیانیان لەدەست داوە و بۆ پێشگیری لە زیاتر تەشەنەسەندنی ڤایرۆسەکە لەو شارە قەدەغەی هاتووچۆ ڕاگەیەندراوە. بێجگە لە سەقز شارەکانی کرماشان، سنە، بۆکان و مەهاباد لە دۆخێکی خراپدان.
لە سەرەتادا بەهۆی پێبەندبوونی ڕێنماییە تەندروستییەکان تا ڕاددەیەک دۆخەکە کۆنتڕۆڵ کرابوو، بەڵام بەهۆی نەبوونی و بێکاری خەڵکێکی زۆر نەیانتوانی لە ماڵەکانیاندا بمێننەوە و بە ناچاری ڕوویان کردە بازاڕی کار و ئەمەش بوو بەهۆی ئەوەی کە بەهۆی بەریەککەوتنی خەڵک ڤایرۆسەکە زیاتر پەرەبستێنێ.
هاتوچۆ، مەجلیسی پرسە و سەرەخۆشی، زەماوەند و میوان و میوانداری بەشێکن لە زیاتر بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسەکە و ئەم کەمتەرخەمیەش گیانی زۆر کەسی خستۆتە مەترسییەوە. بەشێک لە تووشبوان هەر لە ماڵەکانیاندا ماونەوە و سەردانی دوکتۆر و نەخۆشخانەکانیان نەکردوە.
لەگەڵ ئەوە کە ڤایرۆسەکە بەخێرایی بەنێو خەڵکدا بڵاو دەبێتەوە و خەڵکێکی زۆری کوشتوە و زۆرکەسیش بەدەست دەرد و ئازارەکانی ئەم پەتایەوە دەناڵێنن، تا ئێستا کۆماری ئیسلامیی ئاوڕێکی لە ژیان و تەندروستی خەڵک نەداوەتەوە و لەگەڵ ئەوەش گرانی ڕووی لە بازاڕ کردوە و نرخی خواردەمەنی و پێداویستییەکانی ژیانی ڕۆژانەی خەڵک چەند بەرابەر زیادی کردوە.
بەهۆی سیاسەتە هەڵەکانی ڕێژیم و چوونە سەری نرخی دۆلار، بازاڕ شێواوی پیوە دیارە و نرخەکان بە سەعات گۆڕانیان بەسەردادێ و ئەمەش خەڵکی نیگەران کردوە و کۆڕۆناش بۆتە نەهامەتییەکی دیکە بۆسەر ژیانی خەڵک.
لەگەڵ ئەوەی کە تا ئێستا هەوڵێکی زۆر بۆ دیتنەوەی دەرمانی نەخۆشییەکە دراوە، بەڵام تا ئێستا چارەسەرێکی بۆ نەدۆزراوەتەوە و جارێ تەنیا ڕێگا خۆپاراستنی خەڵکە لە بەریەککەوتن، پاکوخاوێنی و پێبەندبوون بە ڕینماییە تەندروستییەکانەوە و پێویستە خەڵک لە سەردان و هاتووچۆ خۆیان بپارێزن.