وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لە ڕاگەیەندراوێکدا هۆشداری داوەتە کۆماری ئیسلامیی ئێران لە هەمبەر پیتاندنی یۆرانیوم و پەرەپێدانی بەرنامەی مووشەکیی ئەو ڕێژیمە.
بە پێی هەواڵی هەواڵدەریی “ڕۆیتێرز”، کە ڕۆژی سێشەممە ٣ی پووشپەڕی ٩٩ی هەتاوی بڵاوی کردۆتەوە، وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لە ڕاگەیەندراوێکدا کە ساڵانە سەبارەت بە پێبەند بوونی وڵاتان بە بڕیارنامەی کۆنترۆڵی چەک و چۆڵ بڵاوی دەکاتەوە، تیشکی خستۆتە سەر کۆماری ئیسلامیی ئێران و بەرنامەی ناوکی و مووشەکیی ئەو ڕێژیمە و، داوای لە کاربەدەستانی تاران کرد بە بێ ڕەتکردنەوە و شاردنەوەی ڕاستییەکان و فێڵبازی، پێبەندی بڕیارنامە پەسەندکراوەکانی نێودەوڵەتی بن .
هەروەها لە درێژەی ڕاگەیەندراوەکەدا هاتوە کە بە هیچ شێوەیەک لە کۆماری ئیسلامیی ئێران قبووڵ ناکەین و ئیزن نادەین ببێتە مەترسی بۆ سەر ئاسایشی جیهان.
شایانی باسە، لە دوایین ڕاپۆرتی ئاژانسی وزەی ناوکی سەر بە ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان شک و گومان خراوەتە سەر بەرنامەی ناوکی کۆماری ئیسلامی و شاردنەوەی ڕاستییەکان و ئەو ئاژانسە داوای لە کۆماری ئیسلامی کردوە کە ئیزن بدات کارمەندانی ڕێکخراوەکە سەردانی هەموو ئەو شوێنانە بکەن کە گومانیان لێی هەیە.












