بۆ تاوتوێکردنی درێژکردنەوەی ماوەی گەمارۆکانی چەک لەسەرکۆماری ئیسلامیی ئێران، ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان کۆدەبێتەوە.
بە پێی هەواڵی هەواڵدەریی “ڕۆیتێرز”، ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان ڕۆژی چوارشەممە، ٤ی پووشپەڕی ٩٩ی هەتاوی، لەسەر پرسی درێژکردنەوەی ماوەی گەمارۆکانی چەک لەسەر ئێران کۆدەبێتەوە، کە بەپێی بڕیارەکەی ئەنجومەن لە چەند مانگی داهاتوودا ماوەی گەمارۆی چەک لەسەر ئێران لەلایەن نەتەوە یەکگرتووەکانەوە کۆتایی دێت و کۆماری ئیسلامیی ئێران دەتوانێ مامەڵەی چەک لەگەڵ وڵاتانی جیهاندا بکات، هەم چەک هاوردە بکات و هەم هەناردەشی بکات. هاوکات دەستی وڵاتانیش ئاوەڵا دەبێت لەوەی کە چەک بەو ڕێژیمە بفرۆشن.
شایانی باسە کە ئەمریکا لە دژی هەڵگرتنی گەمارۆی چەکە لەسەر ئێران و بڕیارە لە کۆبوونەوەکەدا پڕۆژە بڕیارێک بۆ درێژکردنەوەی ماوەی گەمارۆکە پێشکەش بە ئەنجومەنەکە بکات و داواشی لە وڵاتان کردوە لە پەسندکردنی ئەو پڕۆژەیە پشتیوانی لێبکەن.
بەرپرسانی ئەمریکا هەڕەشەی ئەوە دەکەن ئەگەر گەمارۆی چەک لەسەر ئێران درێژ نەکرێتەوە، ئەو کاتە کۆی سزاکانی نەتەوە یەکگرتووەکان لەسەرئەو وڵاتە کە لەپێش ڕێککەوتنی ئەتۆمی بەسەریدا سەپێندرابوون دەگەڕێنێتەوە سەر مێزی ئەنجومەنی ئاسایش و گوشارەکانی بۆ سەر ئەو ڕێژیمە زیاتر دەکات.