ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران بە هەڕەشە لە حیزبەکانی دژبەری ڕێژیم، مانۆڕی سەربازی یا نانەوەی کێشە و ئاژاوە دەیهەوێ قەیرانە کەڵەکەبووەکانی نێوخۆی ئێران بشارێتەوە.
“محەممەد پاکپوور”، فەرماندەی هێزی وشکانی سپای پاسدارانی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە کاتی ئەنجامدانی مانۆڕێکی سەربازییدا هەڕەشەی کردەی سەربازی لەنێوخۆی باشووری کوردستان کرد دژ بە حیزبەکانی دژبەری ڕێژیمی ئاخوندی و ڕایگەیاند کە بۆ لێدانی حیزبە کوردییەکانی دژبەری ڕێژیم پرس بە هیچ کەس ناکا.
ئەم هەڕەشانەی تێرۆریست پاکپوور لە کاتێکدایە کە چەند ڕۆژ لەمەوبەر هەر دوو دەوڵەتی تورکیە و ئێران بە فڕۆکە و تۆپخانە هێرشیان کردە سەر سنوورەکانی باشوووری کوردستان لە ناوچەی حاجی ئۆمەران و زەرەروزیانیان بە خەڵکی ناوچەکە گەیاند.
ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی کە چەند ساڵێکە لە سووریە دەکەوێتە بەر هێرشی مووشەک و فڕۆکە شەڕکەرەکانی ئیسڕائیل و ناتوانێ هیچ هەڵوێستێک بگرێ و لە کاتێکدا کە سەدان کەس لە بەکرێگیراوەکانیان لەو هێرشانەدا کوژراون، تا ئێستا نەیتوانیوە هیچ دژکردەوەیەک لەخۆی نیشان بدا و لە ژێر زەبری ئەو هێرش و گوشارانەدا ئێستا لە سووریە ناچار بە پاشەکشە بوو و دوای ئەو هەموو تێچووە دارایی و ئینسانییە بێجگە لەسەرشۆڕی و ڕیسوایی لە بەرانبەر کوشتنی سەدان هەزار کەس لە خەڵکی بێدیفاعی سووریە هیچی بۆ نەماوەتەوە.
لە لایەکی دیکەوە بەهۆی سیاسەتی دەستێوەردان لە کاروباری وڵاتان، کردەوەی تێرۆریستی و ئاژاوەگێڕی، گوشارە نێودەوڵەتیەکان بۆ سەر ئەم ڕێژیمە هەر لە زیادبوون دان و گەمارۆکان تەنگیان پێی هەڵچنیوە، برسییەتی و نەبوونی و بێکاری، گرانی و ناڕەزایەتیی خەڵک و دەیان قەیارنی دیکە یەخەی ئەم ڕێژیمە سەرەڕۆ و تێرۆریستەیان گرتوە، لە کاتێکدا کە بە کوشتن و زەبر وزەنگ و سێدارە ناتوانێ خەڵک بێدەنگ بکا یان وڵامدەری ویست و داخوازییەکانیان بێ، ئەم جارەیان بۆ داپۆشینی ئەم هەموو قەیرانە بە هەڕەشە لە حیزبە تێکۆشەر و شۆڕشگێڕەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان دەیهەوێ ڕای گشتیی نێوخۆی وڵات بۆلای ئەم بابەتە ڕابکێشێ و بە خەیاڵێ خۆی بە لێدانی بنکەکانی حیزبەکان و هێزی پێشمەرگەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان خەڵک لە نێوخۆ بێدەنگ دەبێ و قەیرانەکان کۆتایییان پێدێ.
ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران یەکەم جار نییە کە هەڕەشە لە خەڵکی کوردستان و هێزە شۆڕشگێڕەکانی دەکا، ئەو ڕێژیمە لە ماوەی ئەم ٤١ ساڵە دا، لە قەتڵوعامی خەڵکی گوندەکان و لەسێدارەدانی لاوانەوە بگرە هەتا تێرۆری سەرکردە و ڕێبەرانی کورد خۆی نەپارستوە و لە نیوخۆ و دەرەوەی سنوورەکان هەردەم درێژەی بە کوشت و کوشتار و تێرۆر داوە و لەهیچ کردەوەیەکی تێرۆریستی خۆی نەپاراستوە. مووشەکبارانی قەڵای دێموکرات لە ١٧ی خەرمانانی ٩٧ی هەتاوی و شەهیدکردنی تێکۆشەرانی دێموکرات یەکێک لە کردەوە تێرۆریستی و جینایەتەکانی ڕێژیم بوو و ٢١ی خەرمانانیش وڵامێکی توند بوو لەلایەن خەڵکی نیشتمانپەروەر و پشتیوانیی هێزە شۆڕشگێڕەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بۆ ڕێژیمێک کە بە خەیاڵی خاوی خۆی دەیهەوێ وەک میراتگری دیکتاتۆرەکانی پێش خۆی جووڵانەوەی مافخوازانەی گەلی کورد لەنێو بەرێ، بێخەبەر کە ئەم گەلە زیندوو و نەوەستاوە نەک هەر بەچۆکدا نایە بەڵکوو ئازایانە و نەترسانە درێژە بە شۆڕشی هەقخوازانەی خۆی دەدا و هەڕەشەی دوژمنان و داگیرکەرانی کوردستانیش نایترسێنێ و بەچۆکیدا ناهێنێ.