ژمارەی یەکەمی زنجیرە کتێبی های تایبەت بە ڕەوتی شێعری نوێی کوردی چاپ و بڵاو کرایەوە.
“های”، وشەیەکی هەورامیە و بە مانای بێدار و خەبەرە. ئامانجی “های” بێداری و ئاگابوونەوەیە سەبارەت بە دەقی نوێ و هەروەها، هۆشیاری بەردەنگ و بەدواداچووونی جیددی خوێنەری ئەدەب و فەرهەنگ بەرانبەر بە دەقەکانی سەردەم و هەوڵ دەدا بە خوێندنەوەیەکی نوێ، بابەتەکان لەم پانتایە بورووژێنێ و بیانخاتە بەر شڕۆڤە و گوتاری ئەمڕۆیی.
ژمارەی یەکەمی ئەو زنجیرە کتێبە کە چاپ بووە و کەوتۆتە بەردەستی هۆگرانی شێعری نوێ، وتار و لێکۆڵینەوە، خوێندنەوە لە سەر دەق، دیمانە و مێزگردەکان سەبارەت بەم ڕەوتە لە خۆ دەگرێت.
جێی ئاماژەیە کە لە ژمارەی یەکەمدا، کۆی ئەو باس و بابەتانە، دەربارەی شێعری نوێی زاراوەکان سۆرانی، هەورامی و کەلهوڕیە.