نوێنەری گەرمسار لە مەجلیسی شۆرای ئیسلامیی ئێران، دەڵی: “وەزیری نێوخۆی ڕێژیم دەبێ بە بۆنەی ڕووداوەکانی خەزەڵوەری ٩٨ی هەتاوییەوە دادگایی بکرێ”.
بە پێی هەواڵی ڕۆژنامەی “قانوون”، کە لە تاران دەردەچێ، ڕۆژی دووشەممە ٢ی پووشپەڕی ٩٩ی هەتاوی، “ئەردەشیر موتەهەری”، نوێنەری گەرمسار لە دەورەی یازدەیەمی مەجلیسی شۆرای ئیسلامیی ئێران لە وتووێژ لەگەڵ ئەو ڕۆژنامەیەدا دەڵێ: “ڕاستە کە دەبوایە بێنزین گران بوایە، بەڵام نە بەو شێوەیە کە ئەو هەموو خەسارەی لێکەوتەوە و خەڵکیشی لە کۆماری ئیسلامیی ئێران بێزار کرد، هەر بۆیە دەبێ وەزیری نێوخۆ دادگایی بکرێ”.
ناوبراو هەروەها دەڵێ: “سەرۆک کۆمار حەسەن ڕۆحانی دەڵێ کە منیش ڕۆژێک دواتر زانیومە کە بێنزین گران بووە، وەکوو ئەوە وایە کە بیرەوەری بگێڕێتەوە، شێوازی بەڕێوەبردنی وڵات بەم شێوەیە نییە”.
شایانی باسە کە لە خۆپێشاندانەکانی خەزەڵوەری ٩٨ی هەتاویدا هەزار و پێنسەد کەس لە خەڵکی ئێران بە دەستی هێزە سەرکوتکەرەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران کوژران و دەیان هەزار کەس بریندار و دەسبەسەر کران.