سپای پاسدارانی کۆماری ئیسلامی ئێران، لە ڕێگای لاوانی دوو ئاوایی ناوچەی سەردەشتەوە هەوڵی دانانی بنکەیەکی سیخوڕی دەدات و کۆمیسیۆنی تەشکیلاتی حیزبی دێموکراتی کوردستانیش لەو بارەوە ئاگادارییەکی بڵاو کردۆتەوە.
بە پێی ئەو هەواڵ و زانیارییانە کە لە کۆمیسیۆنی تەشکیلاتی حیزبی دێموکراتی کوردستانەوە بە ناوەندی هەواڵی کوردکاناڵ گەیشتوون، ماوەیەکە بە پیلانی سپای پاسداران و لە ڕێگای کۆمەڵێک لە لاوانی هەر دوو ئاوایی “ساوان” و “مام کاوێ” لە ناوچەی بوڵفەتی سەردەشت، ڕێژیم دەیهەوێ لەم ناوچەیە مۆڵگەیەک بە مەبەستی سیخوڕی و پەرەپێدان بە دیاردەی جاشایەتی دابمەزرێنێت.
سپای پاسداران بە تەماح وەبەرنانی کۆمەڵێک لە لاوانی هەر دوو ئاوایی ساوان و مام کاوێ، خەریکی ئەم کارە دژی گەلییەیە بۆ ئەوەی کە لاوانی کورد فێری جاشەتی و سیخوڕی بکا و دیاردەی دزێوی جاشەتی پەرە پێبدا و ڕۆڵەکانی کورد بەدەستی یەکتر بە کوشت بدا.
کۆمیسیۆنی تەشکیلاتی حیزبی دێموکراتی کوردستان داوا لەم کۆمەڵە لاوە دەکا کە بە پێی پێشینەی بنەماڵەییان چاوەڕوانیی وەها کارێکیان لێ ناکرێ، داوا دەکا کە نەکەونە داوی پیلانەکانی ڕێژیم و هەر وەک لە ڕابردوودا بنەماڵە و کەس و کاریان نیشانیان داوە، لە ڕیزی خەڵکی نیشتمانپەروەرەی ئاواییەکانیان و ناوچەکەیاندابن و ئەم پیلانە دژە کوردەی دژمن پووچەڵ بکەنەوە.
کۆمیسیۆنی تەشکیلاتی حیزبی دێموکراتی کوردستان کە ناوی ئەو کۆمەڵە لاوەی لە لایە، بە گشتی داوا لە لاوانی کوردستان و بەتایبەت ناوچەی سەردەشت دەکات کە وریای پیلانەکانی ڕێژیم بن و وەک هەمیشە پشتیوانی خەڵک و بزووتنەوەی مافخوازانەی نەتەوەکەیان بن.