لاپەڕەی فارسی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا ڕایگەیاند کە بەرپرسانی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە درۆکردن لەگەڵ خەڵکی وڵاتەکەی خۆیان و جیهانیشدا ڕێگای دەسەڵاتدارانی چینیان گرتوە.
بەپێی ڕاگەیەندراوی لاپەڕەی فەرمیی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لە بەشی فارسیدا، ڕۆژی سێشەممە ٣ی پووشپەڕی ٩٩ی هەتاوی، بڵاویکردەوە، دەڵێ: “بەرپرسانی کۆماری ئیسلامیی ئێران هەروەکوو بەرپرسانی چین بە درۆ کردن لەگەڵ خەڵک و دەسبەسەرکردنی ڕۆژنامەوانان و چالاکانی مەدەنی و سانسۆری هەواڵ و هەروەها ڕاگەیاندنی ئاماری درۆی تووشبوانی پەتای کۆڕۆنا و هەروەها دزی و گەندەڵی لە لایەن بەرپرسانی ئەو وڵاتەوە هۆکاری تەشەنەسەندنی زیاتری ئەو پەتایەن لە وڵاتانی خۆیان و لە جیهانیشدا “.
شایانی باسە کە کۆماری ئیسلامیی سەدان کەسی بە تاوانی ڕاگەیاندنی ئاماری ڕاستەقینەی تووشبوانی پەتای کۆرۆنا دەسبەسەر کردوە و ئەو کەرەستە و دەرمانگەلەش کە لە وڵاتانی دیکەوە بۆ یارمەتی خەڵکی ئێران نێردراون لە لایەن سپای پاسدارانەوە دزراون کە وەزیری تەندروستی کۆماری ئیسلامیی ئێران چەند ڕۆژ پێش ئاماژەی بە دزینی میلیاردیی ئەو کەرەستانە لە لایەن سپای پاسدارانەوە کرد، بەڵام لە گەڵ هەڕەشەی ناوەندەکانی سپای پاسداران بەڕەوڕوو بۆوە.












