پەتای کۆڕۆنا لە ئێران بۆتە مەترسییەکی گەورە و جیددی بۆسەر ژیان و گیانی خەڵکی ئێران و ڕۆژ لە دوای ڕۆژ زیاتر پەرەدەستێنێ.
بەپێی ئەو ئامار و زانیارییانەی کە ڕۆژانە لە شارەکانی ئێران بڵاو دەکرێنەوە، پەتای کۆڕۆنا خەریکە بە تەواوی هەموو ئێران دادەگرێ، هاتووچۆ و سەردان، پرسە و سەرەخۆشی و کار و بازاڕ و لە هەموویان گرینگتر کەمتەرخەمی و خەمساردی دەسەڵات و نەبوونی ئیمکانات و کەرەسەی پێویست بوونەتە هۆی ئەوەی کە ئەم نەخۆشییە زیاتر پەرە بستێنێ.
لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان شارەکانی کرماشان و سنە و بۆکان لە مەترسیدارترین شارەکانن و پەتای کۆڕۆنا بەشێوەیەکی بەربڵاو تەشەنەی سەندوە.
لەگەڵ ئەوەی کە دوکتۆر و پەرستار و کارمەندانی نەخۆشخانەکانی کوردستان بە هەموو شێوەیەک ئامادەی خزمەت بە خەڵکن، بەڵام زۆربوونی نەخۆشەکان و کەمی جێگە و ڕێگە و پێداویستییەکان خەڵک و نەخۆش و نەخۆشخانەکانی لەگەڵ کێشەیەکی گەورە بەرەوڕوو کردۆتەوە.
لە سەرەتادا ئەنجومەنە مەدەنی و ژینگە پارێزی و بەشێک لە دڵسۆزان بەشێوەیەکی جیددی لە هەوڵی پێشگرتن لە بڵاوبوونەوەی زیاتری ڤایرۆسەکە دابوون بەڵام زۆربوونی نەخۆشەکان و کەمتەرخەمی دەوڵەت و کەمیی پێداویستییە پزیشکییەکان ئەوانیشی لەگەڵ کێشە بەرەوڕوو کردۆتەوە.
هەرچەند داتا و ئامارەکانی وەزارەتی تەندروستیی ڕێژیم جێگەی باوەڕ نین، بەڵام ئەم وەزارەتە تا ئێستا ٢٠٧ هەزار و ٥٢٥ تووشبووی ڕاگەیەندوە کە لەوانە ٩ هەزار و ٧٤٢ کەس گیانیان لەدەست داوە.