وڵاتانی فەرانسە و میسر بە جیا هەڕەشەی ڕووبەڕووبوونەوە لە تورکیە دەکەن و دەستێوەردانەکانی ئەو وڵاتە لە لیبی بە یارییەکی مەترسیدار دەزانن.
بە پێی هەواڵی هەواڵدەریی “فرانس پرێس”، ڕۆژی دووشەممە “ئێمانۆئێل ماکرۆن”، سەرۆک کۆماری فەرانسە لە لێدوانێکدا دەستێوەردانی تورکیەی لە لیبی بە هەنگاوێکی مەترسیدار ناوبرد و گوتی: “ئەو هەنگاوەی تورکیە پێچەوانەی ئەو ڕێککەوتنانەیە کە ئەو وڵاتە واژۆی لەسەر کردوە و ئەمەش هەنگاوێکی مەترسیدار دەبێ بۆ سەر ئاسایشی ناوچەکە”.
هەروەها ڕۆژی شەممە. “عەبدولفەتاح سیسی”، سەرۆکی میسر ڕایگەیاند کە تورکیە سنووری خۆی بەزاندوە و ئێمە ئەوەمان پێ قەبووڵ ناکرێ و فەرمانی بە ئەرتەشی ئەو وڵاتە کرد کە لە ئامادەباشیدا بن بۆ ئەوەیکە پێش بە دەستێوەردانەکانی ئەردۆغان بگرن لە لیبی و ڕەتیشی نەکردەوە کە ئەگەری ئەوە هەیە ئەرتەشی میسر ڕاستەوخۆ بچێتە نێو شەڕی لیبییەوە.
شایانی باسە کە شەڕی لیبی وڵاتانی کردوە بە دوو بەشەوە و لە دوو بەرەدا ڕووبەڕووی یەک بوونەتەوە، لە لایەک تورکیە دەوڵەتی ویفاقی نیشتمانی و تا ڕاددەیەکیش ئیتالیا و لە لایەکی دیکەشەوە عەرەبستان و میسر و ڕووسیە و فەرانسە کە پشتیوانی لە ژنڕاڵ حەفتەر دەکەن بەڵام هیچ وڵاتێک بێجگە لە تورکیە ڕاستەوخۆ نەچۆتە نێو مەیدانی شەڕەکەوە.












