سەرەڕای واژۆکردنی ڕێککەوتنی ئاشتی نێوانیان تەنیا لە یەک حەوتوودا ڕێکخراوی تاڵیبان لە ئەفغانستان، ٢٩١ کەس لە هێزە ئەمنییەکانی ئەفغانستانی کوشتوە.
بەپێی هەواڵی نووسینگەی ئەنجومەنی نەتەوەیی ئەفغانستان گرووپی تاڵیبان لە حەوتووی ڕابردوودا لە ٢٣ ویلایەت ٢٩١ کەسی لە هێزە ئەمنییەکانی ئەفغانستان کوشتوە و ٤٢٢ چالاکیی تێرۆریستیی لەو وڵاتە ئەنجام داوە و، ئەوە خوێناویترین حەوتوو لە ماوەی ١٩ ساڵی ڕابردوو بووە. لە کاتێکدا کە بەپێی ڕێککەوتنی ئاشتی نێوان تاڵیبان و ئەمریکا و حکوومەتی ئەفغانستان بڕیار بووە کە ئەو گرووپە چالاکییە تێرۆریستییەکانی ڕابگرێ و حکوومەتی ئەفغانستان زیاتر لە ٣٠٠٠ چەکداری تاڵیبانی ئازاد کردوە و بە تەمایە کە ٢٠٠٠ زیندانیی دیکەی ئەو گرووپەش ئازاد بکا.
شایانی باسە کە حکوومەتی ئەفغانستان ئەوەشی ڕاگەیاندوە بۆ گەیشتن بە ئاشتی بەردەوام لەگەڵ گرووپی تاڵیبان لە ئاگربەستی ڕانەگەیەندراو دایە و فەرمانی بە هێزەکانی ئەو وڵاتە کردوە لە حاڵەتی بەرگریدا بن.
جێگای ئاماژەیە کە بەشێک لە ئەفغانییەکان پێیان وایە کە کۆماری ئیسلامیی ئێران دەستی لەو ناکۆکییانەدا هەیە نایهەوێ ئەو ڕێککەوتنە سەر بگرێ و دراوسێکانی لە ئاسایش و ئاشتیدا بژین.












