لە پێوەندی لەگەڵ دۆخی قەیراناوی ژینگەی کوردستان، ڕێکخراوی ژینگەپارێزانی پیرانشار ڕاگەیەندراوێکی بڵاو کردەوە.
لەم ڕاگەیەندراوەدا هاتوە کە بەهۆکاری جیاواز، ژینگە مەترسی زۆری لەسەرە و لەو نێوەشدا دارستانەکانی زاگرۆس بەرەوڕووی مەترسی لەناوچوون بوونەتەوە کە بەشی زۆرینەی بە ئەنقەست ئاگریان تێ بەردەدرێت.
هەروەها لە بەشێکی تری ڕاگەیەندراوەکەدا هاتوە کە ڕووبار و کانیاوەکان، لێڕەوار، پووش و پاوانی زۆر، لەوەڕگە، کوێستان و پێدەشت و ئاژەڵی فرەڕەنگ و جیاواز، پێکهاتەیەکی فرەڕەنگن کە وای کردوە دژبەرانی سروشت هەرچی زیاتر بە چاوی چەپەڵ لێی بڕوانن، هێرشی بکەنە سەر و لەناوی ببەن.
هەنووکە لە وەرزی گەرما نزیک بووینەتەوە و گیاوگۆڵ وشک دەبێت و مەترسی ئاورتێبەردانی لەوەڕگە و دارستانەکان زۆرتر پەرە دەستێنێ، بە تێڕوانین لە بارودۆخی ناوچەکانی دیکەی زاگرۆس و نەبوونی پشتیوانییەکی بەهێز و کەمی ئامراز و کەرەسەی ئاورکووژاندنەوە لە لایەن حکوومەتەوە، بەشی سەرەکیی پاراستن یان بەرەوڕووبوونەوە دەگەڵ ئاورتێبەردرانی دارستانەکان دەکەوێتە سەر شانی دڵسۆزانی نیشتمان و ژینگەپارێزان.
ڕێکخراوی ژینگەپارێزان بۆ خەڵکی ڕوون کردۆتەوە کە پاراستنی ژینگە ئەرکی سەر شانی هەموو مرۆڤێکە؛ بەشانازییەوە دەکرێ بڵێین کەس نەماوە ئێستا لە مەترسییەکان و چۆنیەتی پاراستنی ژینگە ئاگادار نەکرابێتەوە و ئەو کەسانەش کە بە ئەنقەست ئاور لە دارستان، پووش و پاوان بەر دەدەن باشتر دەزانن کە ئەو کارە قێزەونە دژی ژینگە و نیشتمانە و دەچێتە خانەی خیانەتی نیشتمانی!
هەر بۆیە داواکاریمان لە هەموو نیشتماندۆستان و پارێزەرانی ژینگە هەیە کە چاوکراوە بن و لەگەڵ تێکدەرانی ژینگە، لە ڕێی یاسا و پێوەرەکانی ئەرکی پاراستنی ڕەوادا هەڵسوکەوت بکەن و ئامادە بن بۆ هەر ئەگەرێکی نەخوازراو.
ڕێکخراوی ژینگەپارێزان و ئیدارەکانی پێوەندیداریش ئاگادار بکەنەوە کە بەزووترین کات لە کاتی ئاگرگرتنی هەر شوێنێکدا بۆ دامرکاندنی هەوڵ بدەین.