هەیئەتێکی ئەفغانی بۆ وتووێژ لەسەر کێشەکانی ئەم دواییانە دەچنە ئێران و کارناسێکی ئەفغانیش دەڵی هیچیان دەست ناکەوێ.
بە پێی هەواڵی هەواڵدەریی ئەلعەرەبییە، ڕۆژی یەکشەممە ١ی پووشپەڕی ٩٩ی هەتاوی، هەیئەتێکی ئەفغانی بە سەرپەرەشتی وەزیری دەرەوەی ئەفغانستان بۆ دانوستان لە گەڵ بەرپرسانی کۆماری ئیسلامیی ئێران دەچنە تاران و لە لایەکی دیکەشەوە کارناس و لێکۆڵەرێکی بەناوبانگی ئەفغانی بە ناوی”مەلەک ستیز” دەڵێ کە وتووێژ لەگەڵ کۆماری ئیسلامی هیچ ئاکامێکی نابێ، کۆماری ئیسلامی بە بەرچاوی خۆمانەوە پێبەندی هیچ یاسایەکی نێونەتەوەیی نییە و مافی مرۆڤ و مافی دراوسێیەتی شتێک نییە کە ئەو ڕێژیمە بڕوای پێبێ.
ناوبراو هەروەها دەڵێ: چاوەڕوانی جێبەجێکردن و پێبەندبوونی ڕێژیمێک بە مافی مرۆڤ و یاسا نێونەتەوەییەکان کە بەزەیی بە خەڵکی خۆیدا نایەتەوە و بە هەزاران کەس دەکوژێ چاوەڕوانییەکی بێ جێیە.
لە مانگی ڕابردوودا لە سێ کردەوەی دژی ئینسانییدا هێزە چەکدارەکانی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران دەیان کرێکار و پەناخوازی ئەفغانیان کوشت کە ئەمەش بۆتە هۆی تووڕەیی دەوڵەت و خەڵکی ئەفغانستان و تا ئێستا لەو بارەوە چەند کۆبوونەوە لە نێوان هەردوو دەوڵەتدا ئەنجام دراون بەڵام تا ئێستا هیچ ئاکامێکی نەبووە.












