قاڵیباف لە کۆبوونەوەی مەجلیسی ڕێژیمدا ڕایگەیاند کە وتووێژ لە گەڵ ئەمریکا قەدەغەیە و لە گەڵ ئورووپاش بە مەرج دادەنیشین.
بە پێی هەواڵی هەواڵدەرییە حکوومەتییەکانی کۆماری ئیسلامی، “محەممەد باقر قاڵیباف”، سەرۆکی مەجلیسی شۆرای ئیسلامیی ئێران لە کۆبوونەوەی مەجلیسی ڕێژیمدا. ڕۆژی یەکشەممە ١ی پووشپەڕی ٩٩ی هەتاوی، بە ئاماژە بە بڕیارنامەی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ناوکی لە دژی کۆماری ئیسلامیی ئێران و هەڵوێستی بریتانیا و فەرانسە و ئاڵمان لەو بارەوە ڕایگەیاند لە ١٧ ساڵی ڕابردوودا ئێمە بەردەوام نەرمیمان نواندووە و هیچ دەسکەوتێکیشمان نەبووە، لەم ماوەیەشدا ئەوەمان بۆ دەرکەوتوە کە نابێ هیچ متمانەیەک بە ئەمریکا بکەین و لە گەڵ وڵاتانی ئورووپاییشدا دەبێ بەو مەرجەی کە سەربەخۆ بن و لە ژێر فەرمانی ئەمریکا بێنە دەرەوە گفتوگۆ دەکەین.
شایانی باسە کە بڕیارنامەی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ناوکی و بە تایبەت وڵاتانی ئورووپایی کە ئەو ڕێژیمە بۆ دەورلێدانەوەی گەمارۆکانی ئەمریکا هیوایەکی پێیان مابوو، کۆماری ئیسلامیی ئێرانی تووڕە کردوە.