“سپیدە قولیان”، چالاکی مەدەنی خوزستانی لە بەر ئەوەیکە ئامادە نەبوو داوای لێبوردن لە خامنەیی بکا ڕەوانەی زیندان کرایەوە.
بە پێی هەواڵی هەواڵدەرییەکان “سپیدە قولیان”، چالاکی مەدەنی خەڵکی خووزستان کە ساڵی ٩٧ی هەتاوی لە گەڵ ٢٠ کەس لە کرێکارانی حەوت تەپە دەسبەسەر کرابوو، پاشان بە دانانی بارمتەی یەک میلیارد و پێنسەد میلیۆن تمەنی ئازاد کرابوو، لە لایەن دەزگای دادی ڕیژیمەوە گوشاری خرابووە سەر کە نامە بۆ خامنەیی بنووسێ و داوای لێبوردن لە ناوبراو بکا، بەڵام سپیدە ئامادە نەبوو داوای لێبوردن لە خامنەیی بکا، هەر بۆیە ڕۆژی یەکشەممە، ١ی پووشپەڕی ٩٩ی هەتاوی ڕەوانەی بەندیخانەی ئێڤین کرایەوە.
شایانی باسە کە ناوبراو پاش ئازاد بوونی لە زیندان ئاشکرای کرد کە لە لایەن هەواڵنێری دەنگ و ڕەنگی کۆماری ئیسلامییەوە بە ناوی “ئامینە سادات زەبیح پوور”، لە زیندان ئەشکەنجە کراوە و هەروەها دزی و گەندەڵی پارێزگار و هاوژینەکەی و بەڕێوەبەری حەوت تەپەی ئاشکرا کردبوو.